کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی و ئایەتوڵڵاکانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

16:46 - 10 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: جێگری سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وتارێکدا ڕایگەیاند، حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی و ئایەتوڵڵاکانن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ڕۆژی هەینی ۹ی سەرماوەز، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەی شۆرای ئیسراییلییەکانی دانیشتووی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە شاری فلۆریدا، بە توندی ڕەخنەی گرت لە پاڵپشتییەکانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە تیرۆریستییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕایگەیاند، حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان مۆرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ئایەتوڵڵاکانن لەو ناوچەیە.

مایک پێنس، وێڕای ئاماژەدان بە هەوڵە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای ڕێکخراوەکانییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، وتی: "ئێمە لە سەرانسەری جیهاندا تیرۆریزم دەناسین، لە حەماس تاکوو حیزبوڵڵا، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەو گرووپانە ڕاشکاوانە ڕێکخراوەگەلێکی بریکارانەی ئێرانن لەو ناوچەیە. ئەوان مۆرەکانی ڕێژیمی ئێران و ئایەتوڵڵاکانن کە بۆ خوێنڕشتن و درووست کردنی کێشە و ئاڵۆزی لە ناوچەکە، شازدە میلیارد دۆلار تێچوویان خەرج کردووە".

جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هێرشەکانی گرووپی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی ئیسراییل و ڕایگەیاند، ئێران لە پشتی ئەم هێرشانەیە و دەبێت ئەو هێرشە مووشەکییانە بۆ سەر وڵاتی ئیسراییل ڕابگیردرێت و بە زووترین کاتیش کۆتایی پێ بێت.

ناوبراو لە کۆتایی وتارەکەیدا جەختی لە سەر پاڵپشتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وڵاتی ئیسراییل کردەوە و ڕایشیگەیاند، سەرۆک ترامپ لە سەفەرەکەیدا بۆ وڵاتی عەرەبستانی سعوودی، ئاماژەی بەوە کرد کە دوو ڕەوتی تیرۆریزم بە هەڕەشە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەکرێن، یەکەمیان ئیسلامییە توندڕەوەکان و دووهەمیان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.