کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەماس وڵامی خۆی وەرگرتەوە

11:44 - 24 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە دوای هێرشی مووشکیی گرووپی تێرۆریستی حەماس بۆ سەر ئەرتەشی ئیسرائیل، تلاڤیڤ وڵامی ئەو هێرشەی داوە.

بە وتەی ماڵپەڕی ڕۆژنامەوانیی "هائارتس"، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕەشەمە، دوو ڕاکت لە غەزەوە بە مەبەستی "تلاڤیڤ" هاوێژراون، کە ئەرتەشی ئیسرائیل توانیویە یەک لەوانە شوێنگیری بکات.

ئەرتەشی ئیسرائیل باس لەوە دەکات، لە دوو ساڵی ڕابردوودا، ئەمە یەکەمین هێرشی مووشەکیی فلستینە بۆ سەر ئیسرائیل و لەو ڕووەوە هاوکات لە گەڵ هاویشتنی ڕاکتەکان، ئاژیری خەتەر لە ناوەندی ئیسرائیل لێ درا و بنکەی بەرگریی مووشەکی "گومەزی ئاسنین" لە شوێنگیریی یەک لە ڕاکێتەکان سەرکەوتوو بوو.

لە وڵام بە هێرشی گرووپی تێرۆریستیی "جەهادی ئازادی فلستین"، کە گرووپێکی سەر بە حەماسە و لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی ماڵی دەکرێت و چەکوچۆڵ و کەرەستەی نیزامی بۆ دابین دەکرێت، فڕۆکەکانی ئەرتەشی ئاسمانیی ئیسرائیل، زیاتر لە سەد بنکەی تێرۆریستانیان لە "غەزە" بۆردومان کرد.

ئەو ڕاکتانە لە جۆڕی ڕاکتی "فەجری ٥" بوونە، کە مووشەکێکی دوورهاوێژە و ٧٠ کیلۆمتر مەودابڕن و کێشی کڵاوەی تەقینەوەکەی ١٧٠ کیلۆگرەمە.