کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەمامی مێژوویی "پاشاخانـ"ـی سنە هێشتا نۆژەن نەکراوەتەوە

17:29 - 16 خەرمانان 2720

حەمامی مێژوویی "پاشاخانـ"ـی سنە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زەندییەکان، لە یەکەمین حەمامەکانی ئەو شارەیە کە ساڵەهایە لە بن خاکدایە و بەرپرسانی میراتی کولتووری خستوویانەتە پشتگوێ.

ئەو حەمامە مێژووییە لە زەوینێکدا بە ڕووبەری ٥٠٠ میتری دووجاوە لە گەڕەکی "قەتارچییانـ"ـی شاری سنەدا بینا کراوە.

ئەو حەمامە پێکهاتووە لە: "چوونەژوورەوە، بینە و سەربینە، نێو دەرگا، گەرمخانە، خەڵوەتی، خەزێنە، گەرماوە و ئاودەست".

ئەو بینایە هەروەها خاوەن نەقش و نیگاری تایبەت بە خۆیەتی لەوانە: "ئاهەکی، گیایی، ئاژەڵان و ئیسلیمی".

بەپێی قسەی بەرپرسانی میراتی کولتووری، بڕیار بووە کە نۆژەنکردنەوەی ئەو بینا مێژووییە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئێستاش هەروا ماوەتەوە.

"ئیسماعیل مەریوانی" بەرپرسی گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و بەرهەمە دەستییەکانی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە، گرێبەستی نۆژەنکردنەوەی ئەو بینا مێژووییە واژۆ کراوە، بەڵام هەتا ئێستاش خاوەنداریەتیی ئەو بینایە دیار نییە و چەندین کەس و بنەماڵە ئیدعای دەکەن.

لەحاڵێکدا کە پاراستنی میراتە کولتوورییەکان ئەرکی ئیدارەی میراتە کولتوورییەکانە، بەڵام ئەو ئیدارەیە بە بیانووی دیار نەبوونی خاوەنی بیناکە دۆخی ئەو حەمامەی خستووەتە پشت گوێ و وردە وردە بەهۆی بێکیفایەتیی بەرپرسانی پەیوەندیدار ئەو بینایە بەرەو لەناوچوون دەچێت.