کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەوتووی داهاتوو نەشتەرگەری بۆ محەممەد سدیق کەبوودوەند ئەنجام دەدرێت

19:00 - 26 خاکەلێوه 2712

کوردستان میدیا: پزیشکانی محەممەد سدیق کەبوودوەند، چالاکی مافی مرۆڤی کوردستان، گوتوویانە، لە حەوتووی داهاتوودا ئەگەری نەشتەرگەریی بۆ ناوبراو لە ئارا دایە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، رایگەیاندووە: پزیشکانی محەممەد سدیق کەبوودوەند لە نەخۆشخانەی مودەڕیسی تاران، بە ناوبراویان راگەیاندووە، پاش تاقیکارییە پزیشکییەکان ئەگەری نەشتەرگەریی کەبوودوەند لە ئارا دایە و لە حەوتووی داهاتوو نەشتەرگەریی بووری گورچیلەکان و پرۆستاتی بۆ ئەنجام دەدرێت.

محەممەد سدیق کەبوودوەند، ئەو هەواڵەی لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا بە بنەماڵەکەی راگەیاندووە.

ناوبراو راشیگەیاندووە: ئەنجام دانی ئەو نەشتەرگەرییە پێوەندیی بە هاوکاریی بەرپرسانی زیندانی ئەوین هەیە.

محەممەد سدیق کەبوودوەند بە تۆمەتی پـڕوپاگەندە بە دژی رێژیم و دروست کردنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لە رێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٨٦ی هەتاوی دەسبەسەر کراوە.

بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە کوردستان، پاش ٧ مانگ دەسبەسەر کران لە ژووری تاکەکەسی و ١١ ساڵ زیندانی مەحکووم کراوە.

ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ، هەتا ئێستا ٥ ساڵ لە حوکمەکەی لە زیندانی ئەوین تێپەڕاندووە.

بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، کەبوودوەند لە درێژەی ئەم ٥ ساڵەدا لە دیتنی بنەماڵەکەی بێبەش بووە و هەتا ئێستاش مورەخەسیی پێ نەدراوە.