کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەوتوویەک لە دەسبەسەرکرانی "ئاکۆ جەلیلیان" تێدەپەڕێت و هێشتا چارەنووسی ناڕوونە

10:56 - 1 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: نووسەر و لێکۆڵەرێکی کوردی خەڵکی کرماشان، حەوتوویەکە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیمدایە و چارەنووسی ناڕوونە.

"ئاکۆ جەلیلیان"، نووسەر و لێکۆڵەری زمان و فۆلکلۆرناسی بەتوانای کورد، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و حەوتوویەکە لە گرتنگەدایە و هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم هەتا ئێستا هۆکارێکی ڕوونیان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەو لێکۆڵەرە کوردە ڕانەگەیاندووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی سەرماوەز، ئاکۆ جەلیلیان، نووسەر، زمانزان و فۆلکلۆرناسی بەتوانای کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئیتلاعات پاش هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو نووسەرە کوردە و پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ١١ی سەرماوەز، یەکەمین خەڵاتی وێژەیی باشوور لەلایەن ناوەندی فەرهەنگی و چاپەمەنیی باشوورەوە پێشکەشی ئاکۆ جەلیلیان کرا.

"ئاکۆ جەلیلیان"، نووسەر، زمانزان و فۆلکلۆرناسی بەتوانای کورد لە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی لە شاری شائابادی پارێزگای کرماشان لە دایکبووە، ئەو نووسەرە کوردە خاوەنی چەندین کتێبە کە بریتین لە: فەرهەنگی وشەی کوردی_کوردی_فارسی، چیرۆکی ئاگر مەلوچ، تاریکخانە بەرگی ١، کرماشان (ناسنامەیەکی نوێ بۆ مێژوویەکی کۆن)، زەڕینە وسیمینە ٥ بەرگ و کۆمەڵە چیروکی ڕەنگامە.