کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاتوو سەیزادە "خەدیجە مەعرووفی" هاوسەری شەهید سەید "ئەبووبەکر مەعرووفی" لە ناوچەی شاماتی مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد

13:45 - 9 گەلاوێژ 2721

ڕێکەوتی ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەیزادە "خەدیجە مەعرووفی"، هاوسەری شەهید سەید "ئەبووبەکر مەعرووفی"، خەڵکی گوندی "گەنجاوا"ی ناوچەی شاماتی مەهاباد، لە تەمەنی  ٧٦ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

سەیزادە خەدیجە دوای شەهیدبوونی هاوسەرەکەی، ئەرکی گەورەکردن و پێگەیاندنی ٦ منداڵی بەوپەڕی لەخۆبردووییەوە وەئەستۆ گرتووە.

شەهید ئەبووبەکر مەعرووفی، دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران وەک یەکەم بەرپرسی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران لە ناوچەی شامات دیاری کرا و ناوبراو لەو دەگمەن کەسانە بوو کە هەموو ئیمکاناتی کەسیی خۆی بۆ بەرەوپێشچوونی کاروباری حیزبی تەرخان کردبوو و ئەو تایبەتمەندییەش، خۆشەویستییەکی لە ڕادەبەدەری لە ناوچەی شامات بۆ شەهید ئەبووبەکر هێنابووە ئاراوە.

ناوبراو لە کۆتایی بەهاری ١٣٦١، لەسەر داوای خۆی لە لکی ٢ی هێزی "شەهید پێشەوا" سازمان درا و ئەرکی "سەرپەلـ"ـی وەئەستۆ گرتبوو.

دەرەنجام شەهید ئەبووبەکر، شەوی ۳۰ی ڕەزبەری ساڵی ۱۳٦۱ لە ڕەوتی عەمەلییاتی گرتنی مۆڵگەی تازەدامەزراوی "خەتایی" هەڵکەوتوو لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان، لەگەڵ چوار هاوسەنگەری کە بریتین لە شەهیدان، "ئیسمائیل دامەنگیر"، جێگری فەرماندەری لکی ٢ی هێزی "شەهید پێشەوا"، "ڕەحمان تایی"، "ئەبووبەکر ڕەحمانی" و "محەممەد ڕووحی زادە"، گیانیان فیدای ئامانجەکانی حیزب و ڕزگاریی کوردستان کرد.

تەرمی دایە سەیزادە خەدیجە، لە گوندی "گەنجاوا" بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.