کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاتوو "مریەم عەلیپوور" ئەندامی حیزبی دێموکرات لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد

09:26 - 3 سەرماوەز 2720

ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی "مریەم عەلیپوور" خەڵکی مەهاباد لە تەمەنی ٤٨ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

خاتوو "مریەم" ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بووە. ناوبراو کچی خوالێخۆشبوو کاک "حامید عەلیپوور" پێشمەرگەی کۆماری کوردستان و هەستەی نهێنیی ساڵەکانی ٤٧ــ٤٦ی هەتاوی بووە. ماڵی کاک "حامید" لە سەردەمی خۆی، شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

خاتوو "مریەم" ئەندامێکی هەڵسووڕ و چالاک بووە و هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ئارمان و ئامانجە بەرز و مرۆڤتەوەرەکانی حیزبی دێموکرات وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری خاتوو "مریەم" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.