کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاتوو "هاجەر قەلەندەری" ئەندامی حیزبی دێموکرات و خەڵکی شنۆ کۆچی دوایی کرد

11:18 - 17 سەرماوەز 2720

ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی خاتوو "هاجەر قەلەندەری" کچی "قادر" و خەڵکی گوندی "دەلۆ"ی ناوچەی دۆڵی دەشتەبێڵ سەر بە شنۆ بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری "سۆرانـ"ـی کوردستانی باشوور ماڵاوایی لە ژیان کرد.

خاتوو "هاجەر" ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و حیزبی لەدایک بووە. دوو برای ناوبراو بە ناوەکانی شەهیدان "خالید و ئەسعەد قەلەندەری" شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن و گیانی خۆیان پێشکەش بە بارەگای سەربەستی و ئازادیی کوردستان کردووە.

خاتوو "هاجەر" وێڕای کاک "جەلیلـ"ـی هاوژینی هەر لە سەرەتای خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، ئەندامی نهێنیی حیزب بوونە و ئامادەیی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی هەر ئەرکێکی حیزبی دەربڕیبوو.

 لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لە کوردستانی باشوور نیشتەجێ بوونە و بە شێوەی فەرمی پەیوەست بوونە بە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات و لە کۆمیتەی شاری "سۆران" سازمان دران. تەرمی خاتوو "هاجەر" لە شاری "سۆران" بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.