کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاتەمی: کەشی ئێران زۆر شادە!

13:49 - 3 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: پێشنوێژی هەینیی تاران، باس لە شادبوونی کەشی ئێران دەکات و بۆ ئەمەش سپاسی ناوەندی دەنگوڕەنگی ڕێژیم دەکات.

ڕۆژی هەینی، ٢ی خاکەلێوە، ئەحمەد خاتەمی، پێشنوێژی هەینیی تاران، لە وتارەکەیدا، ئاماژەی بە قسەکانی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە بۆنەی نەورۆزەوە کردووە و وتوویەتی: "ڕێبەر، لیبڕاڵ دێموکراسیی ڕۆژئاوا و دەموچاوی دووڕووی ئورووپای زۆر بە دروستی بۆ خەڵک شی کردەوە. لەگەڵ سەرکەوتنی ئینقلابی ئیسلامی، لیبڕاڵ دێموکراسیی ڕۆژئاوا لێک هەڵوەشایەوە و چەند  ساڵ دواتر ئیمام خومەینی وتی: کە دەنگی شکانی ئێسکەکانی مارکسیزم دەبیسرێت و لەمەوبەدوا دەبێت کومونیزم لە مۆزەخانەدا بدۆزینەوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پێشنوێژی هەینیی تاران، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دیسانەوە لیبڕاڵ دێموکراسی لێک هەڵدەوەشێتەوە لە کاتێکدا پێیان وابووە کە هیچ ڕەقیبێکیان نییە.

ئەحمەد خاتەمی، لە درێژەی قسەکانیدا، کەشی ئێرانی بە کەشێکی زۆر شاد وەسف کردووە و بۆ ئەم شادی و خۆشحاڵییەی خەڵکیش سپاسی ناوەندی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێرانی کردووە، کە بە قسەی ناوبراو لەم ڕاستایەدا هەوڵ دەدەن.

ئەم قسانەی ناوبراو لە کاتێکدایە، بەپێی سەرژمێری و ئامارەکانی خودی ڕێژیم، بەشی زۆری خەڵکی ئێران بەدەست نەخۆشییە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن ساڵ بە ساڵ ئاماری خۆکوشتنەکانی خەڵک بە هۆی خەمۆکییەوە بەرز دەبێتەوە.

هەر لەم ڕاستایەدا، بەپێی سەرژمێرییەکی جیهانی کە لە نێوان ١٥٦ وڵاتدا بۆ دەستنیشانکردنی شادترین وڵاتی جیهان ئەنجام درابوو، ئێران پلەی ١٠٦ی تۆمار کردووە، کە ئەم پلەیە لە ڕیزەکانی کۆتاییە و جێگەی نیگەرانییە.