کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی بۆ جارێکی دیکە جەختی لەسەر هاوسەرگیری و زاوزێ کردەوە

11:01 - 16 رێبەندان 2720

ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندان لە قسەکانی خۆیدا لەنێوان کۆمەڵێک "مەداح" بۆ جارێکی دیکە جەختی لەسەر هاوسەگیری و زاوزێ کردەوە و وەکوو نیازێکی هەرەپێویستی ئەمڕۆ و داهاتووی وەسف کرد.

''عەلی خامنەیی'' "مەداحـ"ـەکانی بە میدیایەکی گەوەرە وەسف کرد و داوای لێ کردون لە بڕەودانی هاوسەگیری و زاوزێ لەنێو خەڵکدا ڕۆڵ بگێڕن.

ئەو قسانەی ''خامنەیی'' لە حاڵێکدایە کە نوێترین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران نیشان دەدات، خواستی خەڵکی ئێران بۆ زاوزێ بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران کە ١٢ی ڕێکەوەتی ڕێبەندان بڵاو بووەتەوە، ئەو لەدایکبوونانەی کە لە ساڵی ٩٥ی هەتاوی تۆمار کراون یەک ملیۆن و ٥٢٠ هەزار کەس بووە، بەڵام ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٩٨ گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ١١٩ هەزار کەس.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ڕەوتی دابەزینی زاوزێ لە شار و گوندەکانی ئێران وەک پێشوو کەم بووەتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا جەخت کراوەتەوە کە سەرەڕای گەشەی ٦ لەسەدیی هاوسەرگیری لە هاوینی ئەمساڵدا، ڕێژەی تەلاق گەشەی زۆرتری هەبووە و گەیشتووەتە ٧ لەسەد.

هەروەها ڕاپۆرتی نوێی ناوەندی ئامار بەنیسبەت  دۆخی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ئێران پیشان دەدات کە لە کۆتایی دەیەی ١٣٩٠ی هەتاوی، سەرەڕای بەرزبوونەوەی نابەرابەریی داهاتەکان، ڕێژەی تێچووی بنەماڵەکانی شار و گوندکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا چەند ڕۆژ لەمەوە پێش ڕاوێژکاری وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران وتبووی: "لە ٣٠ ساڵی داهاتوو، ٣٠ لەسەدی حەشیمەتی ئێران بەساڵاچووان پێکی دێنێت و ئێران یەکێک لە ٤ وڵاتی پیری جیهان دەبێت".

حەشیمەتی ئێران کە لە ئێستادا ٨٣ ملیۆن کەسە، ''عەلی خامنەیی'' لە چەند ساڵی ڕابردووە داوای کردووە کە حەشیمەتی ئێران هەتا ١٥٠ ملیۆن کەس بەرز ببێتەوە.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا دۆخی داڕماوی ئابووری، نەبوونی هیچ چەشنە ترووسکە هیوایەک بۆ داهاتوو، دەستپێڕانەگیشتن بە پێداویستییە سەرەکییەکان، بێکاری، هەژاری، زەقبوونەوەی هەڵاواردن و دەیان گرفتی دیکە بووەتە هۆی ئەوەیکە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش ڕوو لە کزی بدات.