کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی بە باڵای مێژووی سەردەمی پاشایەتیدا هەڵدەڵێت

16:59 - 12 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، کە لە هەموو لایەکەوە گوشاریان کەوتووەتە سەر، لە هەموو کارێک بۆ مانەوەیان کەڵک وەردەگرن.

بەپێی هەواڵە نێوخۆیییەکانی خودی ڕێژیم، خامنەیی ئەمڕۆ ١٢ی ڕەزبەر، لە ستادیۆمی ئازادیی تاران، لە نێو بەسیجییە گوێڕایەڵەکانی خۆیدا، باسی لەوە کردووە، دەسەڵاتی ڕێژیمەکەی دروشم نییە، لە نیوەی ڕێگاین و بە کۆتایی نەگەیشتووین.

 خامنەیی لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، لە بارەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەر ئەوە بەسە، کە کۆماری ئیسلامی، وڵاتی ئێرانی لە ژێر دەسەڵاتی ئامریکا و ئینگلیز و بێگانەکان دەرهێنا.

ناوبراو شەڕی ماڵوێرانکەری ٨ ساڵەی ئێران و عێراقی بەو شێوە پێناسە کرد، کە بەرەی بەرینی دوژمنی بەتەواوەتی تێکشکاند و یەکپارچەییی ئێرانی پاراست و ئەمە بە واتای دەسەڵات و هێزە.

دەسەڵات لە ڕوانگەی خامنەیییەوە ئەوەیە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تاق و تەنیا لە هەمبەر زلهێزەکانی دنیاوە خۆڕاگریی کردووە و ڕاوەستاوە و سەرکەوتن و نەبەزینی خەڵکی ئێرانی بە بەرهەمی ئیسلام زانی کە پاش هاتنی ئەم ڕێژیمە لە ئێران جێگیر بووە.

خامنەیی لە نێوان قسەکانیدا ڕووی لە بەسیجییەکان کردووە و وتوویەتی: وڵاتی هی ئێوە و ئێوەش وەکوو جیلی دەیەی ٦٠ کە بەرەوڕووی دوژمنان بوونەوە، دەستتان ئاوەڵایە بۆ داکۆکیکردن لەم دەستکەوتانەی کە بەدەستمان هێناوە.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: مەزنایەتیی ئێران تەنیا هی ئێستە نییە، بەڵکوو ئەم مەزنایەتییە ڕاستییەکی مێژوویییە و وڵاتی ئێمە توانیویەتی لە قۆناغێکی مێژووییدا، لە بوارەکانی زانست، فەلسەفە، سیاسەت، هونەر و ئاڵاهەڵگریی زانستە مرۆیییەکان لە نێو نەتەوە موسڵمانەکاندا بەرچاو بێت و ئەم سەرکەوتنانە پێوەندی بە سەردەمی ئێمە و ڕابردووەوە هەیە.

قسەکانی خامنەیی کە لە نێوان کەسانی چەپڵەلێدەری خۆی دەهێنێتە بەرباس، هیچ بارێکی مێژوویی و زانستی لە پشت نییە و ئەو سەرکەوتنانەی کە ئەو بە دەسکەوتی ڕێژیمەکەی و ڕابردووی دەزانێت، جگە لە دژەمرۆڤبوون و ماڵوێرانیی خەڵکی ئێران و دۆڕان لە قۆناغە مێژوویییە جیاوازەکاندا، هیچ واتا و پێناسەیەکی دیکە هەڵناگرێت.