کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی جارێکی تر وتوێژ لەگەڵ ئامریکای ڕەد کردەوە

10:25 - 13 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: جارێکی تر ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، وێڕای پێداگری لەسەر "ئەنجامنەدانی وتووێژ لەگەڵ ئامریکا"، ڕایگەیاند کە وتووێژ لەگەڵ واشینگتۆن هیچ کام لە کێشەکانی ئێران چارەسەر ناکات.

عەلی خامنەیی لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ بەشێک لە قوتابی و خوێندکارە بەسیجییەکانی نیزیک لە جەماران و لە ساڵڕۆژی پەلاماردانی خوێندکارانی ناسراو بە "پێڕەوانی خەتی ئیمام" لە ساڵی ٥٨ بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران ڕایگەیاند: "ئەو کەسانەی پێیان وایە وتووێژکردن لەگەڵ ئامریکا ڕێگەی چارەسەری گرفت و کێشەکانە، بە هەڵەدا چوون و سەداسەد هەڵە دەکەن؛ وتووێژکردن لەگەڵ ئامریکاییەکان هیچ ئاکامێکی بۆ ئێمە نابێ و بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ئێمە خۆمان لەم پرسە نەدەین ئەوا رێگایەکی عەقڵانیمان هەڵبژاردووە کە ڕێگە لە دزەی دووبارەی ئامریکاییەکان دەگرین."

ناوبراو بێ ئەوەیکە ناوی هیچ کەسێک بهێنێ بە لاتاوەوە ڕایگەیاند: "لە ڕابردوودا هەندێک لە بەرپرسانی حکوومەتی لە ڕووی ساویلکەیی خۆیانەوە(!) دەچوون وتووێژیان لەگەڵ ئامریکا دەکرد بەڵام ئێمە هیچ قازانجێکمان لێی نەکرد، هیچ کام لە گوشارەکان و تەحریمەکان کەم نەکرانەوە؛ بەپێچەوانەوە ڕێگە بۆ هاتنەگۆڕی داواکاری نوێی ئامریکاییەکان هاتە گۆڕێ."

خامنەیی لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئێمانۆئێل ماکڕۆن سەرکۆماری فەڕانسە کردووە کە لەهەوڵی ڕێکخستنی هەندێک وتووێژ لەنێوان ئێران و ئامریکایە و پێی وتووە: "سەرکۆماری فەڕانسە یان زۆر ساویلکەیە یان بۆخۆی شەریک و هاوپیاڵەی ئامریکاییەکانە!"