کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی جێگۆڕکێ بە فەرماندە تێرۆریستییەکانی دەکات

13:03 - 2 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بڕیارێکدا "محەممەدعلی جەعفەریـ"ـی لەسەر پۆستەکەی لابرد و پاسداری تێرۆریست "حوسێن سەلامیـ"ـی لە جێگاکەی دانا.

ڕۆژی یەکشەممە، ١ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پاسداری تێرۆریست حوسێن سەلامیی لە جێی محەممەدعەلی جەعفەری دانا. ئەو بڕیارەی خامنەیی دوای ئەوە دێت، کە ئامریکا سپای پاسدارانی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند.

فەرماندە تێرۆریستەکانی سپای پاسداران زیاتر بۆ دەورەیەکی ٢ هەتا ٥ ساڵە لە لایەن خامنەیییەوە دیاری دەکرێن، بەڵام جەعفەری ١٢ ساڵ بوو کە پۆستی فەرماندەیی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی لە ئەستۆ بوو.

تێرۆریست حوسێن سەلامی، یەکێک لەو کەسانەیە کە هەڕەشەی هێرشی مووشەکی دژی ئورووپا و ئیسرائیل دەکات و لەسەر هەڕەشەکانیشی پێداگری دەکات.

ناوبراو بە فەرمی باسی لەوە کردووە، کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار مووشەکمان هەیە کە چاوەڕێی بڕیارن هەتا ئیسرائیل پێ بپێکن.

پاسداری تێرۆریست هەشتەمین فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانه.

ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کۆنتڕوڵی سیاسی و ئابووریی ئێرانی لە دەستدایە و گەورەترین پاڵپشتی تێرۆریزم لە جیهاندایە.