کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی خەریکی سواڵکردنە لە خەڵک

14:10 - 18 گەلاوێژ 2720

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە دانانی ژمارە حسێب و نیشانیی ئینتێرنێتی داوای لە خەڵک کردووە کە پارە بخەنە حسێبەکەیەوە.

"عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران کە به‌پێی ڕاپۆرتی "ڕۆیتێرز"، خاوەنی سامانێکی زیاتر لە ١٠٠ میلیارد دۆلارە و بە "ئێمپراتووری ماڵی" لە جیهاندا ناسراوە، ئێستاکە ژمارە حسێبی داناوە و كه‌وتووەته‌ سواڵكردن لە خەڵک.

وه‌لیی فه‌قیهـ كه ‌به‌تاڵانكردنی ئێران سامانی زۆری وه‌سه‌ریه‌ک ناوه ‌و  ئەو پارانەی کە لە گیرفانی خەڵکی دەرهێناوە و ده‌توانێت بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێک به‌كاری بێنێت، بەڵام دیسانەوە بۆ دابینکردنی گرووپه‌ تێرۆریستییه‌كانی هه‌وڵی ڕووتاندنه‌وه‌ی زیاتری خه‌ڵک ده‌دات.

ئەو سواڵکارییەی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لەژێر ناوی "ئێرانی هاودڵ" بانگەشەی بۆ دەکرێت و به‌ ڕوونی دیاری نه‌كراوه‌ كه‌ بۆ چ مه‌به‌ستێكی كۆی ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی ڕابردووی ڕێژیم ئه‌و جۆرە پارانه‌ له‌ وڵاتانی دیكه‌ و بۆ پیلانه‌كانی له‌ ناوچه‌ سه‌رفیان ده‌كات.

ڕێژیمی ئێران و ڕێبەریی ئەو ڕێژیمە بەردەوام بە پارەی خەڵکەوە پاڵپشتیی هێزە میلیشیاکانیان لە ناوچەکەدا دەکەن بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە تیکدەرانەکانیان.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بەهۆی گه‌نده‌ڵی و تاڵان و سیاسەتە هەڵە ئابوورییەکانیەوە خەڵکی ئەو وڵاتەی  تووشی دۆخێکی نالەباری ئابووری کردووە و بۆ چارەسەریی کێشە ئابوورییەکان و هەڵاوسان و گرانی و... هتد، هیچ هەوڵێکی کردەیی نادات.