کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد کە بۆ شەڕی ئامریکا تەیار بن

13:19 - 8 بانەمەڕ 2720

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە بەرنامەیەکی بەناو زیندووی تێلێڤیزیۆنیدا ڕایگەیاندووە کە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئامریکا و شەڕکردن لەگەڵی لە فەرمانەکانی قورعانە و داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کردووە کە بچنە شەڕی ئامریکاوە.

"عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران کە بەهۆی مەترسیی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەژێر چاوەدێریی چڕی تەندروستیدایە، لە بەرنامەیەکی بەناو زیندووی تێلێڤیزیۆنیدا لە ڕێگەی دوورەوە وتوویەتی، نەترسان لە ئامریکا و ڕاوەستان لە بەرانبەریدا لە فەرمانە گرینگەکانی  قورعانە.

ناوبراو بۆ گەیشتن بە مەبەستە سیاسییەکانی خۆی و بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی، کەڵکاژۆ لە قورعانی پیرۆز وەردەگرێت و خەڵکی موسڵمانی جیهان لەو ڕێگەیەوە دژ بە ئامریکا هان دەدات.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی سیاسی و چالاکانی مەدەنی لە ئێران، چەندین جار ڕەخنەیان لە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران گرتبوو و وتبوویان کە دەبێ ناوەندە دەوڵەمەندەکانی ژێر دەسەڵاتی خامنەیی یارمەتیی خەڵکی هەژاری ئێران بدەن.

ئەو داوایەی چالاکانی مەدەنی و بەرپرسە سیاسییەکان هەتاکوو ئێستاش لەلایەن خامنەییەوە بێ وڵام ماوەتەوە.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا کە خۆی دابڕگە کردووە و بەردەوام لەژێر چاوەدێریی تەندروستیدایە، خەڵکی وڵاتەکەی لەنێو قەیرانێکی گەورە و نەخۆشیدا هێشتووەتەوە و داوا دەکات کە موسڵمانانی جیهان بەپێی قسەکانی ئەو کە پەیوەندی دەداتەوە بە قورعانی پیرۆز، هەڵسووڕن.