کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی داوای کردووە کە ناوندە ئیتلاعاتییەکان بەتەواوەتی "پاکسازی" بکرێن

12:28 - 12 سەرماوەز 2720

دوای کوژرانی'' مۆحسێن فەخریزادە''، "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە بڕیارێکدا داوای کردووە ناوندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان "پاکسازی" بکرێن.

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەز، ڕادیۆ "پەیامـ"ـی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی قەیرانی ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران وتبووی کە ''موجتەبا خامنەیی'' فەرمانی بە وەزیری ئیتلاعات، فەرماندەی سپای پاسداران و فەرماندەی لقی ئیتلاعاتی و ئەمنییەتیی سپای پاسداران داوە هەتا ڕێژەی وەفاداریی مەئمووران بە ڕێژیم بە وردی تاوتوێ بکرێت.

ئامانجی ڕێژیم لەم کارە ئەوەیە هەتا دیاری بکرێت کە چ کەسانێک لەگەڵ سرویسە ئەمنییەکانی وڵاتانی بیانی لە پێوەندی دان و کامیان لە کاروباری ئابووری و بازرگانی لە تەنیشت ئەرکە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان چالاکن.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕادیۆ "پەیامـ"ـی ئیسرائیل یەکێک لە فەرمانەکانەکان ئەوەیە کە لە هەموو کەسانی گومانلێکراو، بە ئامێری درۆدیتنەوە تاقیکاری بکرێن.

کوژرانی لەناکاوی ''مۆحسێن فەخریزادە'' زانای ئەتۆمیی ئێران و بەرپرسی ڕێکخراوی توێژینەوە و داهێنەری وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران، لاوازیی دەزگا ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانی ئاشکرا کرد و هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەزگا ئیتلاعاتییەکان دزەیان تێدا کراوە.

''لەو پێوەندییەدا حوسێن دێهقان'' ڕاوێژکاری نیزامیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران وتبووی: ''هۆکاری تێرۆری مۆحسێن فەخریزادە، ڕخنە و دزەی ئەمنییەتی بووە و بەرپرسان دەبێ وڵامدەر بن''.