کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: دوژمنانی ئێران دەیانەوێت ڕێ لە بڵاوکردنەوەی شارستانییەتی ئیسلامی بگرن!

12:43 - 3 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باسی لەوە کردووە، کە ئورووپایییەکان لە بابەتی بەرجامدا لە پشتەوە خەنجەریان لێ داون.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١ی خاکەلێوە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە وتاری ساڵانەی خۆیدا، لە حەرەمی ئیمامی هەشتەمی شێعەکان، لە شاری مەشهەد، وڵاتانی ئورووپایی، ئامریکا و سعوودیەی بە وڵاتانێکی سەرەڕۆ، زاڵم و نالۆژیکی پێناسە کردووە.

عەلی خامنەیی، ئەمساڵی وەک ساڵی "گەشەی بەرهەمهێنان" ناو ناوە و لە قسەکانیدا ئاماژەی بە کێشەی ئابووری و بارودۆخی خراپی گوزەرانی خەڵکی کردووە و هۆکارەکەی بۆ گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا و مودیرییەتی لاواز گەڕاندووەتەوە.

لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە سیاسەتی وڵاتانی ئورووپایی بەرامبەر بە ڕێژیمی ئیسلامی کردووە و وتوویەتی: کە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجامدا، ئورووپایییەکان دەبوو لە بەرانبەر ئامریکادا ڕابوەستن و  پێبەند ببن بە بەڵێنەکانیان و گەمارۆوەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی لابەن، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتبووی: "ئەوان بە بەردەوامی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێن: کە لە بەرجامدا بمێننەوە، بەڵام خۆیان بەشێوەیەکی کردەیی لە بەرجامدا هاتوونەتە دەرەوە، چونکە گەمارۆی نوێیان خستووەتە سەرمان".

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە شەڕەئەنگێزی و شەیتانکاری، سروشتی ئورووپا و ئامریکایە و وتی: "ئامریکا بە چەند هۆکارێکی جیاواز لە ئورووپا شەڕەئەنگێزە و ئەمەش تەنیا پێوەندی بە سەرکۆماری ئێستای ئامریکاوە نییە".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: "بەداخەوە زەینی گەورەی ئێرانی، کاتێک لە کارە شەیتانەکاندا دەکەوێتە کار، بەشێوەیەکی زۆر سەیر کەڵکاژۆی لێ وەردەگیرێت. کە دەبێت لێپرسراوان و بەرپرسەکان لەم بوارەدا زۆر وریا بن" و لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا وتبووی: "دوژمنانی ئێران دەیانەوێت ڕێ لە پێشەوەچوونی ئیرادەی خەڵکی ئێران و بڵاوکردنەوەی شارستانییەت و شارستانییەتی ئیسلامی بگرن، بەڵام بە هۆی ڕەحمی خواوە ناتوانن".

هەروەها عەلی خامنەیی دەوڵەتی سعوودیەی وەک خراپترین وڵاتی ناوچە و دیکتاتۆر و زاڵم و گەندەڵ پێناسە کردووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی خامنەیی وتوویەتی: "بە کوێری چاوی دوژمنەکانمان درێژە بە بەهێزکردنی بناغەکانی بەرگرییمان دەدەین، دوژمنەکانمان دەزانن ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە مووشەکە خاڵپێکەکانیان هەر شوێنێک بیانەوێت دەتوانن بیپێكن".

ئەم قسانەی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، دەرخەری سیاسەتە سەرەڕۆ و داگیرکارییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێرانە، کە دەیانەوێت زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە بە کردەوە تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕییەکانیان داگیر بکەن.