کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی دژی بڕیارنامەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سەرچاوەی ماڵیی تیرۆریستانە

12:26 - 31 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی تاران، بە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمەکەی ڕاگەیاندووە: کە ئێمە کۆنوانسیۆنی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سەرچاوەی ماڵیی تیرۆریستان پەسەند ناکەین.

لە حاڵێکدا دیپلۆماتەکانی ڕێژیمی ئێران هەوڵی ئەوە دەدەن، هەتا لە کاریگەرییی گەمارۆوەکانی ئامریکا کەم بکەنەوە، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرس و نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمەکەی ڕایگەیاندووە: "هیچ پێویست ناکات کە کۆماری ئیسلامی گەڵاڵەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دابینکردن و سەرچاوە ماڵییەکانی تیرۆریستان، واژۆ و پەسەند بکات".

ناوبراو لەو بارەوە ڕایگەیاندووە: "ئەو گەڵاڵانە لە لایەن زلهێزەکانەوە تەنیا بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان دادەڕێژرێن، پاشان بە ناوی بڕیارنامەیەکی پەسەندکراوی نێونەتەوەیییەوە ئەگەر وڵاتێک وەکوو ئێران قەبووڵی نەکات، هێرش دەکەنە سەری کە لەبەرچی بڕیارنامەیەک ڕەت دەکەیتەوە، کە ١٥٠ وڵات واژۆیان کردووە".

ڕێبەری ڕێژیم هەروەها ڕایگەیاندووە: "لەوانەیە کە بڕیارنامە و گەڵاڵە نێونەتەوەیییەکان هەندێک خاڵی باشیان تێدا بێت، بەڵام مەرج نییە کە ئێمە بە پشتبەستن بە چەند خاڵ بچینە نێو کۆنوانسیۆنێکەوە کە نەزانین مەبەستەکانی چین".

نزیک بە ١٠ ڕۆژ پێشتر مەجلیس لە ژێر گوشاری بناژۆخوازەکان، باس و شرۆڤەی ئەو گەڵاڵەیەی بۆ ٢ مانگ وەدوا خستبوو، بەڵام ڕێبەری ڕێژیم لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری یەکلاکەرەوەی بە نیسبەت ڕەتکردنەوەی ئەو گەڵاڵەیە دەربڕیوە.

ئەو کەس و کومپانیانەی کە لە خشتەی ڕەشدا ناویان هاتووە، ناتوانن لە سیستمی بانکی ئەو وڵاتانەی کە گەڵاڵەی (FTAF)ـیان واژۆ و پەسەند کردووە، کەڵک وەر بگرن، کە لە ئێراندا چەندین کەس و لەوانە ناوی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سپای قودسی ئێرانیش لەو خشتەیەدا نووسراوە.

ئەو گەڵاڵەیە تەنیا ئەو ٦٤ کەس و دامەزراوەیە کە ناویان لە خشتەی گەمارۆوەکانی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو ئەو کەس و دامەزراوانەی کە دواتریش بە خشتەی گەمارۆوەکانی ئامریکا زیاد دەبن وەخۆ دەگرێت، کە هەتاکوو ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ کەس و دامەزراوە دەبن و ناویان لە خشتەی SDNدا هاتووە.