کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی دەنگی سپیی هەڵبژاردنەکانی بە قازانجی ڕێژیم لێک دایەوە

11:51 - 8 پووشپەڕ 2721

عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٧ پووشپەڕ، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی دادوەری، دەنگە سپییەکانی لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ١٤٠٠ بە واتای پشتیوانی خەڵک لە ڕێژیمی لێک داویەوە.

ناوبراو وتوویەتی کە ئەو دەنگانە بە مانای جیایی ئەوان لە ڕێژیم نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەیە.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە ڕێبەری ڕێژیمی ئێران پێش لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، نە تەنیا وتبووی کە بەشداری‌نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان بە واتای کشانەوەی خەڵک لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانه، بەڵکوو فتوای دابوو کە  دەنگی سپی حەرامە.

ناوبراو بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکانی بە تاوانی گەورە ناوبردبوو و دەنگی سپی بە حەرام زانیبوو.

بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێژیمی ئێران، دەنگی سپی لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ١٤٠٠ دوای ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' پلەی دووهەمی هەبووە.

وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی نێونجی دەنگی سپی لە ئێران بە ١٣ لەسەد ڕاگەیاندبوو؛ کە لە مێژووی هەڵبژرادنەکانی سەرکۆماری لە ئێران بێ‌وێنە بووە.

سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران هەوڵێکی زۆری دا کە کەشێکی گەرم لەو هەڵبژاردنانە پیشان بدات، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە یەکێک لە ساردترین هەڵبژرادنەکان لە تەمەنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بووه کە زۆرینەی خەڵک هیچ پێشوازییەکیان لە شانۆگەری بەناو هەڵبژرادن نەکرد و دەنگی ''نا''یان بەو ڕێژیمە وت.