کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی فەرماندەکانی ڕێژیمەکەی دەگۆڕێت

18:42 - 11 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی زیاتر کۆکردنەوەی هێز لە دەستی خۆیدا و هەروەها دانانی مۆرە سەرەکییەکانی خۆی، لە حوکمێکدا، فەرماندەی بەسیجی سپای تێرۆریستی پاسدارانی گۆڕی.

ڕۆژی سێشەممە، ١١ی پووشپەڕ، "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە دوو حوکمی جیاوازدا، "محەممەدڕەزا ئاشتیانیـ"ـی وەکوو بەرپرسی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و هەروەها "غوڵامڕەزا سڵێمانیـ"ـی وەکوو بەرپرسی ڕێکخراوی بەسیجی "موستەزعەفینـ"ـی سپای تێرۆریستی پاسداران، دیاری کرد.

خامنەیی داوای لە فەرماندە تازە دیاریکراوەکەی بەسیج کردووە کە هەوڵ بۆ ڕاکێشانی لاوەکان بۆ نێو ڕێکخراوی بەسیج بدات.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەمیشە لە کاتە هەستیارەکاندا هەوڵیان داوە بە لابردنی هەندێک مۆرە یان جێگۆڕکێ بە مۆرەکانی خۆیان لە چوارچێوەی دەسەڵاتدا، زیاتر لە جاران بۆ سەرکوتی خەڵک هەوڵ بدەن، کە ئەم جارە خودی ڕێبەری ڕێژیم ئەم کارەی لە ئەستۆ گرتووە و بۆ درێژەدان بە ئامانجە گڵاوەکانی دەسەڵاتەکەی، بە حوکمێکی فەرمی، فەرماندەی نوێی بۆ بەسیجی سپای تێرۆریستی پاسداران داناوە.

هێزی بەسیج ڕۆڵێکی سەرەکیی لە سەرکوتی خەڵک و بەتایبەت لاواندا هەیە و لە زۆربەی ڕێوڕەسم و بۆنەکاندا بە مەبەستی ناسینی کەسانێک کە دژ بە ڕێژیم و سیاسەتەکانی بن، کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت.