کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی فەرمانی دامەزرانی ژووری شەڕی ئابووری داوە

12:56 - 18 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا فەرمانی بە بەررسانی ڕێژیم کردووە، کە ژوورێک بە ناوی "ژووری شەڕی ئابووری" دابمەزرێنن.

خامنەیی ئامانج لە دامەزراندنی ئەم ژوورەی، پێکهێنانی شۆرای هاوئاهەنگیی ئابووری ڕاگەیاندووە و باسی لەوە کردووە بەپێی پێویست بڕیار و خاڵە پەسەندکراوەکان لە لایەن خۆیەوە بۆ دواجار پەسەند دەکرێت.

ماوەیەکە خامنەیی لە دۆخی شڵەژاوی ئابووریی ئێراندا ڕاستەوخۆ بەشداریی لە چۆنیەتیی قەیرانەکان دەکات و هەر جارەوە ڕێگاچارەیەک پێشکەش دەکات.

یەکەمجار داوای لە دەزگای قەزایی کرد، کە لەگەڵ بشێوکارانی بازاڕ بەرەوڕوو ببنەوە، دواتر داوای لە ڕۆحانی کردووە کە لە چۆنیەتی دانی سکەی زێڕ و ئەرزی دەوڵەتی ڕاپۆرتێک ئامادە بکات. 

ڕێبەری ڕێژیم ئەرک و کارەکانی ئەم ژوورەی بەم شێوەیە دیاری کردووە: "سەرمایەدانەری، کونتڕۆڵی هەڵاوسان، پێکهێنانی کار و پیشە، باشترکردنی دۆخی پێکهاتەی بانکی و بابەتە پێوەندیدارەکان بە بەرهەمهێنانی میللی".

ساڵانێکە ڕێژیم هەموو ئەم فەرمان و دروشمانەی بە شێوەیەکی چەواشەکارانە دەخاتە بەرچاوی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، بەڵام لە ماوەی ٤ دەیە دەسەڵاتداریەتی ئەم ڕێژیمە قەت بەکردەوەیی نەکراون و تەنیا بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆیان و دڵخۆشکردنی خەڵک ئەم ژوورە پۆشاڵینانە بەناوگەلێکی زریقەدارەوە دادەمەزرێنن.