کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی لە دیدار لەگەڵ ئەسەد: نابێ پەیوەندیی ئێران و سووریە لاواز بێت

11:39 - 19 بانەمەڕ 2722

''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ''بەشار ئەسەد'' سەرکۆماری ڕێژیمی سووریە باسی لەوە کردووە کە ئەو وڵاتە دوای ١٠ ساڵ شەڕی نێوخۆیی بەهێز بووە و لە لایەکی دیکەوە بەنیسبەت پێوەندیی دەمیشق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ڕەخنەی دەربڕی.

''عەلی خامنەیی'' ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرکۆماری سووریە لە تاران وتوویەتی: "پاش ١٠ ساڵ شەڕی نێوخۆیی لە سووریە لە ئێستادا سووریە لە هەموو کات بەهێزترە و لەنێو وڵاتانی ناوچەکەدا جێگەی باوەڕ و متمانەی زۆرە و چیدیکە سووریەی کاتی شەڕ نییە، هەموو وڵاتانی ناوچەکە وەکوو وڵاتێکی بەهێز لێی دەڕوانن".

خامنەیی لە درێژەدا سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە ئاسایی‌کردنەوەی پێوەندییەکانی سووریە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی وتوویەتی: ''دەبێ سووریە لە ئەزموونەکانی پێشوو کەڵک وەربگرێ و داهاتووی وڵاتەکەی مسۆگەر بکا''.

خامنەیی لەو دیدارەدا پەیوەندیی نێوان ئێران و سووریەی بە پەیوەندییەکی هەرە گرینگ وەسف کرد و جەختی کردەوە ''نابێ پێوەندیی ئەو دوو وڵاتە لاواز بێت بەڵکوو دەبێ بەهەموو شێوەیەک پێوەندیەکانمان بە‌هێز بکەین''.

کارناسانی سیاسی باس لەوە دەکەن لە دزەی ڕێژیمی ئێران لە سووریە کەمڕەنگ بووەتەوە و "سووریە"ش لە هەوڵی ئەوە دایە پێوەندیەەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئاسایی بکاتەوە.