کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی، لەسەر داخستنی گەرووی هۆرمۆز بڕیاری دا

11:36 - 31 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندووە، ئەگەر پێش بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگیرێت، گەرووی هۆرمۆز دادەخەین.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە دیدار لەگەڵ باڵوێز و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو ڕێژیمە، بە فەرمی باسی لەوە کردووە، کە ئەگەر ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکرێت، ڕێگە نادەین نەوتی هیچ وڵاتێکی دیکە لە ناوچەکەدا هەناردە بکرێت.

خامنەیی لە قسەکانیدا، پشتگیری لە قسەکانی حەسەن ڕۆحانی کرد و هەڵوێستەکانی ناوبراوی بە "گرینگ" و بە "نیشانەی سیاسەت و ئاراستەی کۆماری ئیسلامی" وەسفی کرد و داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد، کە ئەرکی سەرشانیانە بە شێوەی جیددی درێژەدەری هەڵوێستەکانی سەرکۆمار لە بواری سیاسەتی نەوتیدا بن.

پێشتریش بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران جەختیان کردبووە، ئەگەر ئامریکا پێش بە فرۆشتنی نەوتی ئێران بگرێت، گەرووی هۆرمۆز دادەخەن و ئیزن نادەن هیچ وڵاتێکی دیکەی نەوت هەناردە بکات.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوویەتی: ئەگەر لەو باوەڕەدا بن کە کێشەکان بە دانوستان لەگەڵ ئامریکا چارەسەر دەبێت، ئەوە هەڵەیەکی ڕوون و قسەکردن لەگەڵ ئامریکا هیچ قازانجێکی تێدا نییە.

خامنەیی دووپاتی کردووەتەوە، کە ئامریکا لەگەڵ "بنەما و فەلسەفەی سیستمی ئیسلامی گرفتی سەرەکی هەیە" و ئەوان بە تەمای گەڕانەوە بۆ پێگەی خۆیان لە ئێرانی سەردەمی پێش ئێمەن و بە کەمتر لەوە ڕازی نابن.