کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: لەسەر کاروباری نامووسیی شۆڕشی ئیسلامی وتووێژ ناکەین

14:15 - 9 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە لەسەر کاروباری نامووسیی شۆڕسی ئیسلامی لەگەڵ خەڵک و وڵاتانی ئورووپاییدا وتووێژ ناکەین.

ڕۆژی چوارشەممە، ۸ی جۆزەردان، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەشداریی مامۆستایانی زانکۆ، ڕایگەیاند: "باس و قەرەباڵغیی وتووێژ کە ڕاگەیاندن و میدیاکانی دەرەکی باسی لێوە دەکەن و هەرایان ناوەتەوە، گەڕانەوە بۆ وتووێژ نییە، بەڵکوو وتووێژ لەگەڵ ئامریکایە."

لەم بارەیەوە، ماڵپەڕی بەیتی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە خامنەیی وتوویەتی: "ئێمە لەسەر کاروباری نامووسیی شۆڕشی ئیسلامی وتووێژ ناکەین، لەسەر تواناییە سەربازییەکان وتووێژ ناکەین. واتای وتووێژ لێرەدا مامەڵەیە، واتە لە توانایی بەرگرییتان کەم بکەنەوە."

خامنەیی لەو کۆبوونەوەیەدا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی ئامریکا وتووێژ ناکات، چونکە بە پێی قسەکانی ناوبراو جیا لەوەی کە وتووێژ ئاکامێکی نابێت، بەڵکوو تووشی دۆڕانیش دەبن.

ئەم قسانەی ڕێبەری ڕێژیم لە کاتێکدایە کە "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، پێشتر لەم بارەیەوە، وتبووی: "ئەگەر دوژمنان بە پێبەندبوون بە بەڵێنەکانی خۆیان بێنەوە سەر مێزی وتووێژ، ڕێگایان بۆ کراوەیە."

لەم پەیوەندییەدا، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لەسەر وتووێژ لەگەڵ ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران، جارێکی تر جەختی لەسەر ۱۲ مەرجەکەی "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردەوە و لە ئەگەری قبووڵکردنی ئەو مەرجانەی ئامریکا لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ئامادەیی ئامریکای بۆ وتووێژ دەربڕی.