کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: نیزامی پارلەمانی نیزامێکی هەڵەیە

12:13 - 2 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەل خوێندکاران و نوێنەرانی دامەزاروە خوێندکارییەکان، نیزامی پارلەمانیی بە هەڵە لە قەڵەم دا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی جۆزەردان "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خوێندکاران و دامەزروە فەرهەنگی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و سینفییەکاندا باسی لەوە کردووە، بۆ پێشکەوتنی وڵات دەبێت لاوان بێنە نێو گۆڕەپانی کردەوە و کارەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا، خامنەیی وتوویەتی: پێکهاتەی یاسای بنەڕەتی زۆر باشه و هیچ کێشەیەکی نییه.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە قسەکانیدا، لە بارەی نیزامی پارلەمانی وتی: ئێمە لە کۆڕی پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتی بەباشی باسمان لەوە کرد، کە نیزامی پارلەمانی بۆ ئێران کێشەی زۆری هەیە و نیزامی سەرۆکایەتی باشتره.

ناوبراو لە بارەی بەرجامەوە لەو کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ خوێندکاران باسی لەوە کرد، هەمووتان چاو و عەقڵتان هەیە و هەموو شتێک دەزانن. من لە نامەیەکدا لە بارەی بەرجامەوە هۆشداریم دا، کە دەبێت چۆن پەسەند بکرێت و ناکرێت ڕێبەر خۆی بێتە نێو ئەو بابەتەوە.

ڕێبەڕی ڕێژیمی ئێران، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئێمە خوازیاری هەنگاوێکی ڕێکوپێک و خێراین کە ئەو هەنگاوە دەبێت بە هاوکاریی لاوانی بەرپرس و حیزبوڵڵایی هەڵ بگیردرێت.

"عەلی خامنەیی"، کاتێک بە فەرمی باس لەوە دەکات، نیزامی پارلەمانی کێشەی هەیە، لە ڕاستیدا ئەو ڕێژیمە باوەڕی بە دەسەڵاتێکی ئازاد نییە کە هەموو نەتەوەکانی ئێران لە بەڕێوەبەریی وڵاتدا بەشدار بن.

نیزامی سەرۆکایەتی هەمان نیزامی ویلایەتی فەقیهه کە نێوڕۆکەکەی دیکتاتۆریی ئیسلامییە، کە خامنەیی خۆی دەسەڵاتی بە دەستەوەیە و هیچ کارێکبە بێ بڕیاری ناوبراو جێبەجێ ناکرێت.