کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی نیگەرانی زمانی فارسییە

12:31 - 31 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە زمانی فارسی نیگەرانی دەربڕیوە و داوای لە بەرپرسان کردووە، پێش بە لەنێوچوونی زمانی فارسی بگرن.

ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، "عەلی خامنەیی"، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعێران و مامۆستایانی زمانی فارسی، نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە لەنێوچوونی زمانی فارسی دەربڕیوە و وتوویەتی: "زمانی فارسی دەبێت پاک بکرێتەوە لە زمانی بێگانە".

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە وڵاتی ئێران لە چەندین نەتەوە و زمان پێک دێت و ناوبراو تەنیا گرینگی بە زمانی فارسی دەدات و باوەڕی بە هیچ زمان و نەتەوەیەکی دیکە نییە، لە حاڵێکدا کە لە مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی خودی ئەو ڕێژیمە باس لە ئازادیی زمان دەکات.

ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە دەبێت زمانی فارسی پاک و خاوێن بمێنێتەوە و هیچ وشە و ڕستەیەکی غەیرە فارسیی تێکەڵ نەبێت.

ناوبراو هەروەها داوای لە شاعێران و نووسەران کردووە، کە شێعر و ئەدەبی فارسی بۆ خزمەتکردن و  خولقاندنی ئەدەبیاتی حەماسی کەڵکی لێ وەر بگرن.

ئەم قسانەش لە کاتێکدایە، کە ڕێژیمی کۆماری ئێسلامیی ئێران، زمانی فارسی وەک زمانی یەکەمی ئێران دەزانێت و ڕێگا بە هیچ نەتەوەیەکی دیکە نادات تا بە زمانی دایکیی خۆیان بە شێوەی فەرمی بنووسن و بخوێنن.

هەروەها لە ڕێگەی زمانی فارسییەوە هەوڵی توانەوە و لەنێوبردنی زمانە کۆنەکانی دیکە لە نێو ئێراندا و بەتایبەت زمانی کوردی لە کوردستاندا دەدات.