کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی هۆشداری بە ئامریکایییەکان دا کە لێیان نزیک نەبنەوە

13:21 - 15 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە وتاری ساڵمەرگی خومەینیدا، وتەکانی سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکای سەبارەت بە ڕێبەرانی ئەم ڕێژیمەی بە فێڵبازانە وەسف کردووە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی جۆزەردان، لە ڕێوڕەسمی سی و یەکەمین ساڵمەرگی خومەینیدا، باسی لە قسەکانی سەرکۆماری ئامریکا بەنیسبەت ڕێبەرانی ئەم ڕێژیمە کرد و هۆشداری دا، کە "ئامریکایییەکان لێیان نزیک نەبنەوە".

خامنەیی لە قسەکانیدا وتی: دوژمن جارێک هەڕەشە دەکات و جارێکیش بە تەماح وەبەرنان لەگەڵمان دەجووڵێتەوە، وەکوو ئەو پیاوە فێڵبازەی سەرکۆماری ئامریکا کە لەم دواییانەدا وتوویەتی: ئێران بە ڕێبەرانی ئێستاشەوە دەتوانێت سەرکەوتنی باش بە دەست بێنێت، واتاکەی ئەوەیە کە ئێمە ئامانجمان ڕووخانی ئێوە نییە. ئەمە فرت و فێڵێکی سیاسییە".

ناوبراو باسی لەوە کردووە، کە بەرپرسان ئەگەر بەردەوام لە هەوڵدا بن سەرکەوتن بە دەست دێت، بەڵام بەو مەرجەی کە ئامریکا نزیک نەبێتەوە، بە وتەی خامنەیی ئامریکایییەکان لە هەر شوێنی کە نزیک ببنەوە براکوژی دێتە ئاراوە، هەروەها وتوویەتی: کە پێ و قەدەمی ئامریکایییەکان نەحسە.

خامنەیی لە وتاری جێژنی ڕەمەزانیشدا بە ئاماژە بە پرسی فلستین وەکوو یەکێک لە پرسەکانی دنیای ئیسلام وتوویەتی: "ڕێککەوتنی سەدە" خەیانەتێکی گەورە بە ئیسلامە و ئەم ڕێککەوتنە هیچ کات ڕوو نادات".

قسەکانی خامنەیی لەم دوو ڕۆژەدا بەنیسبەت ئامریکا لە حاڵێکدایە، کە  ترامپ لە لێدوانێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ITV باسی لە ئامادەییی ئامریکا بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کردووە و سەبارەت بە ئەگەری کردەوەی نیزامی بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: پێم خۆشە ئەو شتە ڕوو نەدات بەڵام ئەگەری شەڕ هەمیشە هەیە و جەختی کردووەتەوە کە لەم بارەوە وتووێژم پێ باشترە.

 ترامپ پێشتریش لە ئاخافتنێکدا سەبارەت بە سیاسەتەکانی واشینگتۆن بەنیسبەت ڕێژیمی ئێرانەوە جەختی کردووەتەوە، کە سیاسەتی ئەوان گۆڕانی رێژیم نییە و ئێران شانسی ئەوەی هەیە کە بەم ڕێبەرانەشەوە وڵاتێکی گەورە بێت.

ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی جۆزەردانیش، ترامپ رایگەیاندبوو: کە واشنگتۆن و بریتانیا هێزی خۆیان بۆ پێشگرتن لە دەستپێراگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی و دژایەتی لەگەڵ تێرۆریزم ئامادە کردووە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای دۆخی نالەباری خەڵک لە ئێراندا، هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی پرسەکان هەڵناگرن و جار جارە بە هەڕەشە لە بەرپرسانی وڵاتانی دیکە و لەوانە ئامریکا هەوڵ دەدەن، هەتاکوو خۆیان بەهێز نیشان بدەن و وەکوو ڕابردوو درێژە بە ئاژاوەگێڕییەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا بدەن.