کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: هەر بنەماڵەیەک ١٥ منداڵی ببێت

12:54 - 14 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بڕیارێکی سەیروسەمەرەدا داوای کردووە هەر بنەماڵەیە ١٥ منداڵی ببێت.

"عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە دیدار لەگەڵ گرووپێک لە ژن و مێردە لاوەکان گوتوویەتی: "هەر بنەماڵەیەک لە ئامریکا ١٥ هەتا ٢٠ منداڵی هەیە".

خامنەیی دوای باسکردنی ئەو ئامارە لە بنەماڵەکانی ئامریکا کە بە ڕای خۆی ڕاسته، داوای لە خەڵکی ئێران کرد بۆ زیادکردنی حەشیمەتی ئێران هەوڵ بدەن و بەرپرسانیش پشتیوانی لە خەڵک بکەن.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران پێوەری بۆ زیادکردنی حەشیمەتی ئێران ئەوە بووە کە ئەگەر ژمارەی موسڵمانەکان زیاد بێت، بە هەمان شێوە کەسانی ساڵح و پاکیش لە کۆمەڵگەدا زیاد دەبێت.

ماوەیەکە کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران داوا لە خەڵک دەکەن کە دەبێ حەشیمەتی ئێران زیاد بکرێت و تەنانەت گەڵاڵەی لەم پێوەندییەشیان خستووەتە ڕوو.

خامنەیی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێ حەشیمەتی ئێران لە ٧٥ میلیۆن کەس ببێتە ١٥٠ میلیۆن کەس.

وا دیارە خامنەیی لەبارەی ئاماردا کێشەی ڕیازی هەیە؛ چونکە بەپێی ئاماری فەرمی ئامریکا کە ساڵی ٢٠١٨ بڵاو کراوەتەوە، هەر بنەماڵەیەک  تەنیا ١.٩ منداڵی هەیە.

کۆمەڵگای ئێران، کۆمەڵگایەکی لاوە؛ بەڵام به هۆی سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە بنەماڵەکان و بە تایبەت لاوان بە هۆی نەبوونی کار و کێشەی ئابووری ناتوانن ژیانی هاوبەش پێک بێنن.