کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی هەشت ساڵ شەڕی ئێران و عێراق بە عاقڵانەترین ڕووداوی مێژوو وەسف دەکات

13:10 - 31 خەرمانان 2720

"عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە چلەمین ساڵوەگەڕی شەڕی ئێران و عێراقدا وتوویەتی: "ئەو شەڕە عاقڵانەترین ڕووداوی مێژوو بووە".

ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانان، "عەلی خامنەیی" لە لێدوانێکی ڤیدیۆییدا بۆ هێزە نیزامییەکانی وتوویەتی: "هەشت ساڵ شەڕ لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی یەکێک لە دیاردە عەقڵانییەکان و عەقڵانیترین کاری خەڵکی ئێران بوو و دەبێ پێش بە بەلاڕێدابردنی ئەو ڕووداوە بگرین".

هەروەها ناوبراو خواردنەوەی "جامی ژەهری" خومەینیی بە عاقڵانەترین کارەکان زانی کە لەو کاتەدا کراوە.

"خامنەیی" لە قسەکانیدا وێڕای بە "بەرەکەت" ناو لێ بردنی ئەو شەڕە وتوویەتی: "ئەو شەڕە بۆ وڵاتی ئێمە سەرمایەسازیی هێنا و لێکەوتەی زۆری بەدواوە بوو".

شەڕی ئێران و عێراق درێژترین شەڕی سەدەی بیستەم بووە کە نزیک یەک ملیۆن کەس کوژران و هەزار ملیارد دۆلار زیانی بە دامەزراوە و ژێرخانە ئابوورییەکانی ئێران گەیاند و لەو شەڕەدا زیاتر لە ٦٠ هەزار سەرباز و خەڵکی سڤیل بە چەکی کیمیایی کوژران و بریندار بوون و هیشتا ئاسەوارەکانی بەسەر هەر دوو وڵاتەوە قورسایی دەکات.