کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"خامنەیی" پشتیوانی لە گرانبوونی بێنزین دەکات و خەڵکی ناڕازی بە دوژمنی ئێران ناو دەبات

11:59 - 26 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دژی گرانبوونی نرخی بێنزین ناڕەزایەتی دەردەبڕن، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم سەرەڕای ئەوەی کە پشتیوانی لە گرانبوونی نرخی بێنزین دەکەن، هەڕشەیان لە خەڵکی ناڕازی کردووە.

"عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە گرانکردنی نرخی بێنزین وتوویەتی، من پێشتر وتبووم ئەگەر بەرپرسانی سێ دەزگای ڕاپەڕاندن، دادوەری و یاسادانان بڕیار بدەن، پشتیوانیی لێدەکەم. هەروەها ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، بۆ پاراستنی ئەمنییەت ئەرکەکانی خۆتان بەڕێوەبەرن.

بە وتەی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، بەرپرسانی سێ دەزگا بە ڕاوێژ لەگەڵ کارناسان ئەم بڕیارەیان داوە و بمانهەوێت و نەمانهەوێت ئەم بڕیارە دەبێ بەڕێوە ببردرێت و هەندێک لە خەڵک بەم بڕیارە نیگەران و ناڕەحەت دەبن یان بە زیانیانە.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینانە بە هی خەڵک نەزانیوە و بۆ ''دژی ئینقلاب و دوژمنانی ئێرانـ''ـی گەڕاندووەتەوە.

هەروەها "عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی"، وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران لە هەڕەشەیەکدا وتوویەتی، لە ئەگەری ئەوەی کە ناڕزایەتییەکان درێژەی هەبێت، هێزە ئەمنییەکان ناچارن ئەرکی خۆیان بەڕێوەبەرن.

ڕۆژنامەی "کەیهان" سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا و لە پشتیوانیی گرانبوونی نرخی بێنزین نووسیویەتی، بەرزبوونەوەی نرخی بێنزین پێویست بوو چونکە بێنزینی هەزار تمەنی ببوو بە هۆکاری قاچاخی ئەم سووتەمەنییە.

هەروەها "محەممەد جەعفەر مونتزێری"، دادستانی گشتیی ڕێژیم هۆشداریی بە خۆپیشاندەران دابوو و ئەوانی بە ئاژاوەگێڕ ناوبردووە و دەڵێت، ئاژاوەگێڕان لە دەرەوەی ئێران هان دەدرێن و بەتوندی بەرەنگاریان دەبینەوە.

 دوای گرانبوونی نرخی بێنزین، لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا خەڵک دەستیان بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان کرد و تا ئێستا درێژەی هەیە و دەیان کەس لە خەڵکی ناڕازی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژراون و بریندار بوون.