کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی ڕەوتی دانوستانەکانی "فەرسایشی" لە قەڵەم داوە

17:48 - 26 خاکەلێوه 2721

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی دانووستانەکان فەرسایشییە و جەختی لەسەر بێ باوەڕی بە ئامریکا کردووە و ئورووپای تاوانبار بە پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئامریکا کردووە.

"عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە قسەکانیدا کە لە تێلێڤیزیۆنی ئەو ڕێژیمە بڵاو بووەتەوە وتوویەتی: "ئێمە سیاسەتی وڵاتمان ڕاگەیاند، هەم لە نزیکەوە و هەم بە نووسراوە  و هەم لە وتاربێژییە گشتییەکاندا وتمان. ئێستا لێکدانەوەی بەرپرسان ئەوەیە کە دانوستان بکەین و ئەو سیاسەتەش بەڕێوە دەبەین".

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: "ئێمە لەم بوارەدا قسەیەکمان نییە بەڵام دەبێ ئاگادار بین کە دانوستانەکان فەرسایەشی نەبێتەوە، نابێ بە شێوازێک بێت کە لایەنەکان بیانهەوێت ئەو دانوستانانە درێژ بکەنەوە چون ئەو بابەتە بۆ وڵات زیانبارە".

ئەو قسانەی خامنەیی دەتوانێت لەسەرخۆلابردنی بەرپرسایەتی لە ڕەوتی دانوستانەکاندا بێت کە چوارچێوە سەرەکییەکانی خۆی بۆ تیمی دانوستانکاری ئێران دیاری دەکات.

ئەو پێشنیارەکانی لایەنی ئامریکایی بە "خۆبەزلزانانە و سووککردن"ناو بردووە.

قسەکانی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران پاش بەیانییەی هاوبەشی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی "ترۆئیکا"ی ئورووپا بڵاو بووەتەوە.