کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: گەندەڵییەکان لە نێو دامودەزگا حکوومەتییەکان مەترسیدارن

12:15 - 25 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی ٤٠ ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، خامنەیی باسی لە مەترسییە وێرانکەرانەکانی "گەندەڵی" لەنێو دامودەزگا حکوومەتییەکان کردووە و وتوویەتی: "دەبێ زۆر بە جیددی بەرەوڕووی ببینەوە".

لە ڕاگەیەندراوێکی پڕچەواشەدا کە عەلی خامنەیی بەبۆنەی ٤٠ ساڵەی تەمەنی ڕێژیمەکەی بڵاوی کردۆتەوە هاتووە: "لە چوار دەیەی ڕابردوودا ئێمە وێڕای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەرەڕۆی پاشایەتی و قاجاڕ، توانیومانە سەقامگیری و ئاسایش و ئەمنیەت، پێشکەوتنی زانستی و فەننی و بەشداریی خەڵکیی لە پرسە سیاسییەکان و هەروەها ئەخلاق لە ئێراندا جێگیر بکەین!"

ناوبراو لە ڕاگەیەندراوەکەیدا قۆناغی دوای ٤٠ ساڵەی تەمەنی ڕێژیمی بە "هەنگاوی مەزنی دووهەم" شوبهاندووە و وتوویەتی: "ئێمە توانیومانە ببینە هێزێکی ناوچەیی و ترس بخەینە نێو دڵی دوژمنانی وەک ئیسڕائیل و ئامریکا و بەرەی خۆڕاگریی(!) لوبنان و فلستین".

پاش ئەم پێداهەڵکووتنانە، خامنەیی نەیتوانیوە چاوی لە ئاست کەتوارە تاڵە بەجێماوەکانی دەسەڵاتەکەی بنووقینێت و لە چەند ڕستەدا وێڕای بادانەوە لە قسەکانی پیشووتری خۆی، وتوویەتی: "ئێمە هێشتا لە لووتکەکانی زانستی جیهانی زۆر لە دواترین، هێشتا بەستراوە بە سەنعەتی نەوتین، بەڕێوەبەرییەکانمان لاواز و ناکارامەن و ئابووریمان دەوڵەتییە".

سەبارەت بە پرسی گەندەڵی ئابووری و ئەخلاقی و سیاسیش ئەگەرچی ڕاستەوخۆ نەیوتووە کە ڕێژیم تێیدا نووقم بووە بەڵام بە زمانی ئیشارە ڕایگەیاندووە: "ئەگەر گەندەڵی لە پەیکەرەی حکومەتێکدا جێ بگرێت، بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر ڕەواییەکەی دەخاتە لەرزە و مەترسییەوە؛ تەنانەت لە سەردەمی دەسەڵاتی حەزرەتی عەلیدا هەندێ کەس تووشی وەسوەسەی ماڵ و پێگە و دەسەڵات بوون و هەڵخلیسکان، کەواتە دەبێ زۆر وریا بین چوونکە بە دووری نازانم کۆماری ئیسلامیش تووشی ئەم هەڕەشە ببێتەوە".

هەروەها ناوبراو نەیتوانیوە خۆی لە پرسی بوونی کەلێنی قووڵی چینایەتی لە نێو کۆمەڵگای ئێران بشارێتەوە و ڕایگەیاندووە: "ئەوەیکە دەبوا کرابا نەکراوە، مەوداکان زیادیان کردووە؛ کەلێنە چینایەتییەکان قوڵتر بوونەتەوە کە ئەمە زۆر مەترسیدارە".

کۆی قسەکانی خامنەیی وەک چاودێران و شڕۆڤەکاران دەڵێن سەرچاوەگرتوو لە هەندێک ترسی شاردراو لە ناخی خامنەیی و باقی لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامییە کە لەلایەکەوە هەوڵ دەدات وابنوێنێ ئاکاری ٤٠ ساڵەیان بێ‌کەموکووڕی بووە و لەولاشەوە بە زمانێکی نەرم، قامک لەسەر کەمایەسییە زۆر و زەوەندەکانی دادەنێت کە دەرەنجامەکەی تەنیا ماڵوێرانی زیاتری خەڵک و کاولکارییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بووە".