کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاوەن کێڵگەی پەلەوەرەکانی پارێزگای سنە ناڕەزایەتییان دەربڕی

13:53 - 5 خەرمانان 2720

خاوەن کێڵگەی پەلەوەرەکانی پارێزگای سنە بەنیسبەت نەبوون و گرانیی خۆراکی پەلەوەرەکان و سەرپێچییەکانی وەزارەتی پیشە و کانگا و ڕێکخراوی جەهادی کشاوەرزی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

 ١٥٨ کەس لە خاوەن کێڵگەی پەلەوەرەکانی پارێزگای سنە، ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەرمانان، بەنیسبەت ئەو کێشە و گرفتارییانەی کە بەرۆکی ئەوانی گرتووە و سەرچاوەکە بۆ سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم دەگەڕێتەوە، لە بەردەم پارێزگاریی سنەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

 خاوەن کێڵگەی پەلەوەرەکان پشکی خۆراکی پەلەوەرانیان لەلایەن دەوڵەتەوە لێ بڕدراوە و ناچارن لە بازاڕی ئازاد بە چەند بەرابەر ئەم خۆراکە دابین بکەن و ئەمە زیانێکی زۆری پێ گەیاندوون.

دەستێوەردانەکانی ڕێکخراوی تەعزیرات لە نرخی مریشک کە لە بازاڕدا بڵاو دەکرێتەوە و پشتیوانی نەکردنیان لەلایەن ڕێکخراوی جیهادی کشاوەرزی بۆ دابینەکردنی خۆراکی کێڵگەکانیان و هەروەها دابیننەکردنی دەرمان و واکسەن لەو کێشانەن کە خاوەن کێڵگەی پەلەوەرەکان داوای چارەسەرکردنی دەکەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانان، ژمارەیەک لە خاوەن کێڵگەی پەلەوەرەکانی کرماشان بەنیسبەت کەمیی خۆراکی پەلەوەرەکان لە بەردەم بینای ڕێکخراوی جەهادی کشاوەرزیی ئەم پارێزگایە کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.