کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاپوورکردنی زاگرۆس چووەتە قۆناخێکی نوێوە

12:18 - 27 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: دارستان و لێڕەوارەکانی زاگرۆس بەپێی بەرنامەیەکی لەپێشدا داڕێژراوی مافیاکانی "دار و خەڵووز" بەرەو لەنێوچوونی یەکجاری دەڕۆن و ڕێژیمیش هاندەر و ڕێگەخۆشکەریانە.

ماوەیەک پاش گەڵاڵەی هەناسەکێشانی لێڕەوارەکانی باکوور،  ڕێژیمی تاران لە هەوڵێکی شەرمێونانەدا بەتەمای بڕینی هەناسەی زاگرۆسە و بەشێک لە مافیاکانی "دار"ی  ڕەوانەی دارستانەکانی زاگرۆس کردووە کە سەر بە سپای پاسدارانن.

بەوتەی کارناسان و ژینگەپارێزان لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان و سنە و لوڕستان ئەم هەوڵە تێکدەرانە دەستی پێکردووە و سپای پاسداران لەڕێگەی ئیدارەکانی وەک "جنگلبانی" هەوڵ دەدات بەرگێکی یاسایی بەبەر تێکدانی ژینگەی زاگرۆس بکات.

بەشێک لەم ژینگەپارێزانە لە لێدوانەکانیاندا بۆ ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایانگەیاندووە کە بەپێچەوانەی وڵاتانی دەوروبەر کە پلان و پڕۆژەی کورتماوە و درێژخایەنیان بۆ زیندووکردنەوە و بەرینترکردنی لێڕەوارەکانیان هەیە، لە ئێراندا هەموو هەوڵەکان سەر یەک خراون تاکوو ناوچە سەوزەکانیش هاوشێوەی ناوەندی ئێرانیان لێبێت و ببنە کەویر.

یەکێک لەم کەسانە ئاکامی لێکۆڵینەوەیەکی خۆی خستووەتە بەردەست کوردستان میدیا کە تێیدا هاتووە: "وڵاتی پاکستان بەمەبەستی زیندووکردنەوەی لێڕەوارەکانی، بڕیاری چاندنی ١ میلیارد دار و نمامی داوە کە لە ساڵی ٢٠١٥وە تاکوو ئێستە ٧٥٠ میلیۆن نمامی چاندووە و توانیویەتی بەم کارە، پیشە بۆ ٥٠٠ هەزار کەس دابین بکات؛ هێند لە ساڵی ٢٠١٧دا توانی لە ماوەی ١٢ کاتژمێردا بە بەشداری ١ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس ٦٦ میلیۆن نمام بچێنێ، ڕاشیگەیاندووە لە بەرنامەیدایە تاکوو ساڵی ٢٠٣٠، ١٢%ی خاکەکەی ببێتە لێڕەواری نوێ".

بەپێی ئامارە فەرمییەکان گۆی زەوی لە ساڵدا زیاتر لە ١٠ میلیارد دار لە کیس دەدات و ئێران لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا ١٤ هەزار هێکتار لە لێڕەوارەکانی خۆی کردووەتە خەڵووز کە ئەمە بەواتای پشکداری بەرچاوی ئێران لە پڕۆسەی بێ‌دارستان کردنی جیهانە.

ئەم ژینگەپارێزانە لە بەشێک لە قسەکانیاندا وتوویانە: "ئەگەر دەمانهەوێ نەسڵی دواتر یان نەسڵەکانی دواترمان کەڵک لە لێڕەوارەکانی زاگرۆس وەربگرن، دەبێ خۆمان دەسپێشخەر بین چوونکە ڕێژیمی تاران نەتەنیا هیچ هەوڵێک بۆ پاراستنی ئەم سەرمایە بەپیتە نادات بەڵکوو هەموو توانای خۆی خستووەتە گەڕ تاکوو لەنێویان ببات".