کوردستان میدیا: لە ڕێوڕەسمێکدا تەرمی دوو پێشمەرگەی شەهیدی کوردستان بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردران.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، شەوی سێشەممە لەسەر چوارشمەممە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاتژمێر ٢ی شەو، بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە، بنەماڵەی شەهیدان ئیدریس دەرویشی و ڕەحیم ڕۆستەم داستان، بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات و میوانان تەرمی دوو پێشمەرگەی کوردستان لە گۆڕستانی جێژنیکان بە خاک ئەسپێردران.
هاوکات لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی دوو شەهیدی سوورخەڵاتدا، ژمارەیەک لە فەرماندە نیزامی و پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشدار بوون.
لە بەشێکی دێکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا بە بەشداریی بنەماڵەی شەهیدان ئیدریس دەرویشی و ڕەحیم ڕۆستەم داستان کۆڕیکی پرسە و سەرەخۆشی لە کەمپی جێژنیکان بەڕێوە چوو.
لەو ڕێورەسمەدا، "کاوه بەهرامی" بەرپرسی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
بەهرامی لە قسەکانیدا وێڕای هاوخەمی و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو دوو شەهیدە و سەرجەم خەڵکی کوردستان، جەختی کردەوە کە خەباتی ڕاسان بە هەموو هێز و تواناوە دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە دەچێت و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەهێزتر لە جارانی پێشوو لە نێوخۆی وڵاتدا چالاکی و خەبات دەکات.
بەرپرسی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان باسی لەوەش کرد کە خەباتی ئێمە خەباتێکی ڕەوایە، ئێمە هەتا ودەیهاتنی ئامانجی شەهیدانمان درێژەدەری ڕێگایان دەبین و تۆپباران و بۆردمانەکانی ڕێژیمی ئێران هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خەبات و چالاکی ئێمە نابێت.
ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی دوو شەهیدی کوردستان وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان دوای چەند کاتژمێر کۆتایی پێهات.