کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"خاکەلێوە"ی ئەمساڵ زۆرترین ڕێژەی هەڵاوسانی لە یەک دەیەی ڕابردوودا تۆمار کرد

12:20 - 2 بانەمەڕ 2722

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار؛ هەڵاوسانی مانگانە لە خاکەڵێوەی ١٤٠١دا هەڵاوسان گەیشتووەتە ٣.٣ لەسەد و زۆرترین ڕێژەی هەڵاوسانی لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا تۆمار کردووە.

هەڵاوسانی مانگانە لە ماوەی نێوان مانگی ڕەشەمە و خاکەلێوە ٢ لەسەد بووە.

بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ١٣٩٠ هەڵاوسانی مانگی خاکەلێوە زۆرترین ڕێژەی لە بەرزبوونەوەی گرانییەکاندا تۆمار کردووە.

سەوزەمەنی و تەڕەکاڵ بەتایبەت خەیار، تەماتە و باینجان زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخیان لە مانگی ڕابردوودا هەبووە.

"فەرەیدوون خاوەند" ئابووریزان، لە پەیوەندی لەگەڵ نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا وتوویەتی: "نرخی هەڵاوسان نزیکەی ٤٣.٤ لەسەد زیادی کردووە. ئەو ئابووریزانە هۆکاری ئەو ڕێژە زۆرەی هەڵاوسانی بۆ کەمیی بوودجە و لەچاپدانی پارە گەڕاندووەتەوە".

ئەو گرانییانە لە حاڵێکدان کە ناڕەزایەتیی خەڵک لە سفرەی بەتاڵ و گرانیی زۆر و بەردەوام، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووی لە زیادبووندایە.