کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خراپیی دۆخی ئینتێرنێت لە ئێران بەردەوام دەبێت

12:01 - 24 رەشەمه 2720

بەرپرسێکی وەزارەتی پەیوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران ئیدعای کردووە کە بەهۆی "مانۆڕی هێزەکانی ناتۆ" دۆخی خراپیی ئینتێرنێت بەردەوام دەبێت، لەحاڵێکدا کە ئێران ڕابردوویەکی لە پچڕاندنی ئینتێرنێتدا هەیە.

ماوەیەکە کە دۆخی خراپی ئینتێرنێت بووەتە هۆی بێزاریی خەڵک و ڕێژیم تاوانەکەی دەخاتە ئەستۆی مانۆڕی هێزەکانی ناتۆ.

"پەیمان قەرەداغی" بەڕێوبەری گشتیی پارێزگاری لە مافی بەکارهێنەران لە ڕێگلاتۆری وەزارەتی پەیوەندییەکان وتوویەتی: "ڕێگای پەیوەندییە نێونەتەوەیی ژێرساز لە ڕێگای قەتەرەوە پچڕانی لەگەڵە، ٨٥٠ گیگابایت لە دەفرایەتیی ئینتەرنێتی ژێرساز لەدەست چووە و هەتا ١٥ی خاکەلێوە قەرەبوو نابێتەوە".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها ڕایگەیاندووە کە پچڕان لە دەریای ناوەڕاست  و نێوان ڕێگای میسر و ئیتالیاوە بەدی هاتووە و لایەنی قەتەری ڕایانگەیاندووە کە تا ٤ی خاکەلێوە بەهۆی مانۆڕی هێزەکانی ناتۆ ناتوانن بچنە ئەو ناوچەیە.

ڕوودانی کێشە لە تۆڕی ئینتەرنێتدا بووەتە هۆکار تا زۆر کەس ئەوە بە بڕیارێکی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بزانێت و ڕێژیمی ئێرانیش بەو پاساوانەوە هەوڵ دەدات تا قەستی بوونی ئەو کێشەیە لە ئینتێرنێت لەسەر خۆی لا ببات.

پاش دەستپێکی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە سیستان و بەلووچستان ئینتێرنێت لەو ناوچەیە بە شێوەیەکی بەرین پچڕا و بە شێوەی سەرتاسەریش خەڵک بەرانبەر بە کێشە لە ئینتێرنێتدا گلەییان دەکرد.

لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ی هەتاوی گەورەترین پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێراندا دروست بوو و تۆڕی ئینتێرنێت لەو وڵاتەدا بە ماوەی یەک حەوتوو بە شێوەی بەرین پچڕا.