کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خزمەت یان هەوڵێک بۆ تواندنەوە

16:32 - 5 گەلاوێژ 2720

قادر ئەلیاسی

غوڵامڕەزا ڕەشید یاسمی (١٢٧٥ ـ ١٣٣٠) لەدایکبووی شارۆچکەی گاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ناوبراو نووسەر، مێژوونووس و شاعیری سەردەمی دوومانی پاڵەوی (ڕەزاشا و حەمەڕەزای کوڕی) بوو. جگە لە کۆمەڵێک شیعر بە زمانی کوردی، نووسراوەکانی دیکەی بە فارسی و لە خزمەتی نەتەوەی فەرمان ناڕەوادا (فارس) بووە. کتێبی (کورد و پێوەندیی ڕەگەزی و مێژوویی ئەو ـ کرد و پیوستگی نژادی و تاریخی او) مشتێک لە خەرواری خزمەتی ئەو کوردە فارسی نووسەیە. ئەو لەو کتێبەدا بە بیانووی ئەوەی کە کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بەتایبەت فارس و کورد پێکەوە خزمن و ڕیشەی ڕەگەزییان لە یەک نزیکە، هەوڵ دەدات زمانی کوردی وەک بەشێک لە زمانی فارسی و تەنانەت زاراوەیەک لەو زمانە لە قەڵەم بدا. یاسمی لە ڕوانگەی خۆیەوە هەموو نەتەوەکانی نێو چوارچێوەی ئێران بە تایفە ناودێر دەکات و لە کۆی ناوی ئەو تایفانەدا، وەک شوێنکەوتوویەکی نەتەوەی فارس، ناوێکی بێ ناوەرۆک لەجێی ئەو نەتەوانە بەناوی "نەتەوەی ئێران" بەرز دەکاتەوە. ئەم ناوەش بە کردەوە هەر بۆ نەتەوەی فارس دەگەڕێتەوە. چونکە تەنیا زمانێک لە ئێراندا یاسایی بووە و تا هەنووکە لە دەزگا دەوڵەتی و ناوەندە پەروەردەییەکاندا ڕێگەپێدراوە، زمانی فارسییە.

ئەو کتێبەی ناوبراو لەو سەردەمەدا کە کوردبوون و کوردایەتی کردن وەک ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە بڤە بوو، بە ئازادی و تەنانەت بە خۆڕایی چاپ و بڵاو دەکرایەوە. ئێستاش وەک کتێبێکی جێی ڕەزامەندیی حاکمانی تاران لە زۆربەی ماڵپەڕە فارسییەکانی سەر بە ڕێژیمدا بە خۆڕایی دەدرێت بە خوێنەران.

٨٧ ساڵ دوای یاسمی، کەسێکی تر بە ناوی سۆهراب  پوورنازری (١٣٦٢) لە شاری کرماشان سەرهەڵدەدا و خۆی بە کەسێکی کوردی کرماشانی بەڵام نە کورد! دەناسێنێت. ناوبراو لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی نووسراوەیەکی لەژێر سەردێڕی "هەر بژی ئێران" بە شێوەی خوارەوە بڵاو کردووەتەوە:

"من کوردی کرماشانیم، نە کورد".

خوێنەری بەڕێز! ئەم ڕستەیە بە تەواویی هەڵەیە. چونکە کە وتی: "کوردی کرماشانیم" واتە کوردە و لەو شوێنە لەدایک بووە کە شارێکی مێژوویی کوردستانییە. بۆیە بەشی یەکەمی ڕستەکە وا لە سۆهراب دەکا، بەپانەوە بێژێ من کوردم و خەڵکی کرماشانم. بەڵام بۆچی دواتر پەشیمان دەبێتەوە و دەنووسێت کورد نیم؟ چونکە ئەو وادیارە کەسایەتی نەتەوەیی خۆی دۆڕاندووە، بۆیە لە کوردبوونی خۆی حاشا دەکات. ئەوەتا لە درێژەی ئەو نووسراوەیەدا بە ڕیشە و نەتەوەی خۆی شانازی دەکات، بەڵام هەر زۆر زووش بادەداتەوە سەر مەبەستی سازکراو یان دیکتەپێکراوی و دەڵێت: "ڕیشەی من لە خاکی گەورەشایەک بەناوی خوسرەو پەرویزی ساسانی سەرچاوەی گرتووە و من میراتگری ئێرانی کۆنم"،.

بە ئاماژە بە قسەی چەند کەسایەتیی کورد و بە لەپاڵ یەک دانانی تەون و بەستێکی ناشیانە نەتەنیا خۆی و کوردی ڕۆژهەڵات بەناوی ئێرانی بوون، دەکاتە ژێر تەوشێی نەتەوەی فارس، بەڵکوو کوردی سێ وڵاتی دیکەش دەبەخشێت بە ئێران، بۆیە دەڵێت: "هەر کوردێک لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە چ لە عێراق، سووریە و تورکیە بێت یان لە هەر کوێی ئەم گۆی زەوییە بژی، ئێرانییە".

بە کەڵک وەرگرتن لە بیرۆکەی باوی ڕەشید یاسمی و بە پەیڕەوی لە سیاسەتی نان بەنرخی ڕۆژ خواردن، حاشا لە کوردایەتیی خۆی دەکات و ڕادەگەیەنێت: "من و هاوڕەگەزە تێگەیشتووەکانم تا دوایین هەناسە لە ئێران و فەرهەنگەکەی داکۆکی دەکەین، ئەوینداری زمانی فارسین و سپاسی ئەو خودایە دەکەین کە گەورەترین دلۆڤانیی بەرامبەر بە ئێمە کرد و ئێمەی لەم فەرهەنگەدا ئافراند".

پرسیارێک لەنێو دەیان پرسیاری دیکەدا سەرقوت دەکاتەوە و لە سۆهراب دەپرسێت: "کام زمان لە ئێراندا هەڕەشەی لەسەرە؟ زمانی فارسی یان کوردی؟ زارا محەممەدی لەسەر وتنەوەی وانە بە زمانی فارسی دە ساڵ زیندانیی بۆ بڕاوەتەوە یان بەپێچەوانە لەبەر زمانی کوردی بووە؟ چ هەڕەشەیەک لە سەر فەرهەنگی فارسی هەیە کە تۆ و هاوبیرەکانت  تا دوایین هەناسە داکۆکیی لێدەکەن؟".

وادیارە نەیاران زانیویانە زمانی کوردی و نەتەوەی کورد دوای هەزاران ساڵ زەبروزەنگی داگیرکەر لەنێو نەچووە و نەتواوەتەوە، بۆیە ئێستا بە خەیاڵی خاوی خۆیان دەیانەوێت بە کوردەکە خۆی بیتوێننەوە! پوورنازری جگە لە حاشاکردن لە کوردبوونی خۆی و ئەوبەرترزانینی زمانی نەتەوەی داگیرکەر بە سەر زمانی دایکیی خۆیدا، خەباتی ڕەوای نەتەوەی کوردیش کە بۆ خۆی تاکێکی ئەو گەلەیە، بە ناڕەوا لە قەڵەم دەدا و بە لاسایی کردنەوە لە دەسەڵاتدارانی تاران شوناسی نەتەوەیی کورد لەپێناوی پێناسەی مافی نەتەوەییدا بە دەستکردی بێگانە دەزانێت و بەناوی ئەو کوردەی کە سۆهراب خۆی حاشا لەبوونی دەکات دەڵێت: "ئێمەی کوردی هاوڕەگەز دەبێ بەڕێوەبەری سیاسەتی جیاوازیخوازانەی ئینگلیز و ئامریکا و ئیسرائیل نەبین کە بوون بەهۆی دووبەرەکی لە نێوانماندا".

ناوبراو هەموو شتێک لەپێناوی بەڕێوەبردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی نەتەوەی فەرمان ناڕەوادا بە ڕەوا دەزانێت و چل و یەک ساڵ کوشت و کوشتاری کورد و نەتەوەکانی دیکە بەدەستی کۆماری ئیسلامی نابینێت و لەژێر دروشمی "نابێ ئێرانمان بە تەنیا بهێڵین"، خۆڵ دەکاتە چاوی خۆی و ئەوانەی تا ئێستا وەک کوردێک سەیری ناوبراویان کردووە. ئەو بە هێنانی ناوی ئێران وەک وڵاتی ئەو گەلانەی تێیدا بەناو دەژین، لە ئێمەی کورد دەخوازێت لەپێناوی پاراستنی زمانی فارسیدا واز لە زمان و شوناسی نەتەوەیی خۆمان بێنین و خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان لەبیر بکەین، چونکە بە قسەی پێڕاسپێدراوی ئەو "دەستکردی ئینگلیز و ئامریکا و ئیسرائیلـ"ـە!

تا ئێرە لەباری گوفتارەوە دەرکەوت سۆهراب پوورنازری، بۆ گەیشتن بە مەبەستی ئاشکرای خۆی کە خزمەتکردن بە نەتەوەی دەسەڵاتدارە، لە هیچ شتێک بۆ بەکەمزانینی کورد درێغیی نەرکدووە. بزانین لە بواری هونەردا چی بۆ کورد یان دژی هونەری کوردی کردووە؟

بۆ ئەوەی نووسراوەکە درێژتر نەبێتەوە، ئاماژە بە ئالبوومێکی ناوبراو لەگەڵ هومایون شەجەریان بەناوی "ایران من" دەکەم:

لە تێکەڵکردنی کۆمەڵێک میلوودیی کوردی و دانانی شیعری فارسی لەسەر ئاوازەکە توانیویەتی ئەو گۆرانییە کوردییانە دەستکێش بکات بۆ سەر هونەری فارسی. بۆ وێنە لە دوو گۆرانیی "دە مەگری مەگری مەلوول گیان و ورمێیە ورمێیە"، ئاوازێکی بەناوی نەورۆز و لە گۆرانیی " لەرزان لەرزان " و بە دانانی شیعری فارسی لەسەری ئاوازێکی دیکەی بۆ شەجەریان لەو ئالبوومەدا تۆمار کردووە و تەموورەی پیرۆزی کوردیی نێو جەمخانەکانی یارسانیشی وەک تەواوکەری ئەو هەرزانفرۆشییە، خستووەتە سەر و کردوویەتی بە بەرهەمی هونەریی نەتەوەیەکی دیکە.

ئەم کارانەی پوورنازری وەک نووسراوەکەی هەر ئەوەندە ڕەوان کە سەرکوت و کۆمەڵکوژیی کورد بەدەستی داگیرکەران ڕەوا بێت. کەواتە ئەوەندە ناڕەوان، سەد هێندەش بێ بناغەن و دەچنە خانەی خۆشخزمەتی بە نەتەوەی داگیرکەرەوە.

لە کۆتاییدا پێویستە بوترێت کە چەندە ئیبراهیم تاتلی ساز و مەسعوود قرمزگویل، گۆرانیی کوردییان کرد بە تورکی و دواتر بە تورکی نەمایەوە، هێندەش قسە و کارە هونەرییەکانی سۆهراب و سۆهرابەکانی لە چەشنی ئەو، ڕووی ڕەوایی وەردەگرن و لە یانەی هونەریی بێگانەدا دەمێننەوە!

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.