کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خزمەتگوزارییەکانی ڕێژیم، بۆ خەڵکی وڵاتانی ئافریقاییە

13:08 - 2 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: پارێزگای سیستان و بەلووچستان بەدەست کەمیی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانەوە دەناڵێنێت و بەرپرسانی ڕێژیم لە وڵاتانی ئافریقاییدا نەخۆشخانە دروست دەکەن.

"شەبەخش گرگیج"، بەناو نوێنەری سیستان و بەلووچستان لە شۆرای باڵای پارێزگاکان، لە وتووێژێکیدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوەمەتی "ئیلنا"، باسی لەوە کردووە کە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، بەدەست کەمیی خزمەتگوزارییە پزیشکی و کەلوپەلەکانی نەخۆشخانەوە دەناڵێنێت و وتی: "لەم پارێزگایەدا تەختی نەخۆشخانەکان کەمن، بە شێوەیەک کە بەرامبەر بە هەر ١٠٠٠ کەس، ٩.١ تەختی نەخۆشخانە هەیە."

هەروەها ناوبراو باسی لە تەواونەبوونی پرۆژەیەکی دروستکردنی نەخۆشخانە لە ماوی ٣٠ ساڵی پێشوودا کردووە و ڕایگەیاندووە: "جێگای سەرسووڕمانە کە بۆچی نەخۆشخانەیەکی ٦٤ تەختی، لە دوای  ٣٠ ساڵ، هێشتا تەواو نەکراوە."

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانێکی ئافریقاییدا وەک: "نیجریە، کینیا، مالی، ساحلی عاج، سیرالئۆن، غەنا، تانزانیا، ئۆگاندا" و چەندین وڵاتی دیکەدا، ناوەندی دەرمانیی دروست کردووە.

ڕێژیم وەک سیاسەتی هەمیشەیی خۆی، خەڵکی وڵاتی ئێران، بەتایبەتی نەتەوە غەیرە فارسەکان پشتگوێ دەخات و داهاتی وڵات، خەرجی دروستکردنی خزمەتگوزاری بۆ وڵاتانی دەرەوە لە ڕاستای پەرەپێدانی سیاسەتە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا دەکات.

سەرەڕای کەمیی نەخۆشخانە و پێداویستییە پزیشکییەکان، پارێزگای سیستان و بەلووچستان بەدەست کەمیی ئاویشەوە دەناڵێنن. بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم، زیاتر لە ٨ هەزار گوند لە پارێزگای سیستان و بەلووچستاندا، هەتا ئێستا ئاویان بۆ نەکێشراوە. 

هەروەها پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە ڕێگای هاتوچۆی ستانداردیش بێبەرییە، بە شێوەیەک کە ڕێژەی ڕێگای ستانداردی هاتوچۆی گوندەکانی ئەم پارێزگایە بۆ شارەکان، ٥ لەسەدە.