کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خه‌ڵكی ناڕازی له‌ به‌غدا پارلمان به‌ هی خۆیان نازانن

12:35 - 17 بەفرانبار 2719

 کوردستان میدیا: خۆپیشاندەرانی عێراق سێ ڕۆژ دەرفەتیان بە سەرکۆماری عێراق دا کە بەپێی مەرجەکانی خۆپیشاندەران سەرۆک وەزیرانێک دیاری بکات، ئەگەرنا لەگەڵ خرۆشی "شۆڕش" بەرەوڕوو دەبێتەوە.

خۆپیشاندەران کە کۆنترۆڵی گۆڕەپانی "تەحریر"ی بەغدایان بە دەستەوەیە، بە "بەرهەم ساڵح"، سەرکۆماری عێراقیان ڕاگەیاندووە، هەتا ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار، سەرۆک وەزیرانێک دیاری بکات، ئەگەرنا لەگەڵ شەپۆلی خرۆشی خەڵک بەرەڕوو دەبێتەوە.

خۆپیشاندەران هەروەها وتوویانە، ئەو بڕیارەی کە پارلمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئامریکا لەو وڵاتە پەسندی کردووە، پارلمان و نوێنەری ئێمە نییە.

لە دوای بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەلایەن خەڵکەوە، پارلمانی ئەو وڵاتە "ڕەوایی" نییه.

ئەو دەرفەتەی کە خۆپیشاندەرانی عێراقی بە "بەرهەم ساڵحـ"ـیان داوە، دەبێ هەتا ڕۆژی هەینی جێبەجی بکرێت.

پێشتر پارلمانی ئەو وڵاتە بۆ تاوتوێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران، دانیشتنی پێک هێنابوو.

نوێنەرانی پارلمان کۆمیتەیەکیان بۆ گۆڕینی یاسای بنەڕەتی دامەزراند. ئەم کۆمیتەیە ئەرکدار کرا کە لە ماوەی ٤ مانگدا ئەو خاڵانەی کە لە یاسای بنەڕەتیی عێراقدا پێویستیان بە گۆڕین هەیە، دیاری بکرێن و ڕاپۆرتەکەی بە پارلمان بدەنەوە.

هەتا ئێستا داخوازیی خۆپیشاندەران وڵام نەدراوەتەوە.

خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق کە لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبرەوە، بە دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، بێکاری، گەندەڵیی ئابووری و نەبوونی خزمەتگوزاری، لە شاری بەغدا و لە چەندین پارێزگای دیکە دەستی پێکردووە، هەتا ئیستا درێژەی هەیە.