کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوراسانی باشوور؛ مامۆستایەکی قوتابخانە دەسدرێژیی کردووەتە سەر هەژدە کچی مێرمنداڵ

18:26 - 28 پووشپەڕ 2722

لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شاری "فیردەوس" سەر بە پارێزگای خوراسانی باشوور، مامۆستایەکی قوتابخانە دەستدرێژیی کردووەتە سەر هەژدە کچی تەمەن هەشت بۆ یازدە ساڵ. ئەو مامۆستایەی قوتابخانە کە تەمەنی ٥٥ ساڵە وێڕای پێکهێنانی کلاسی تایبەت لە پارکینگی ماڵەکەی بۆ قوتابییانی کچ، دەستدرێژیی کردووەتە سەر ئەو کچە مێرمنداڵانە.

لەسەر ئەو کارە نزیک بە حەوت سکاڵا لەسەر ئەو کەسە تۆمار کراوە و دادگا ئەوی بە تاوانی "ئازار و ئەزیەتی جینسی، کەڵکاوەژۆوەرگرتن لە منداڵان و دەستدرێژیکردنە سەریان" و چەندین تاوانی دیکە مەحکووم کردووە، بەڵام لە حوکمەکەدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئاماژە بە دەستدرێژیی جینسی نەکراوە.

ئەو ڕووداوە ناڕەزایەتیی بنەماڵەی ئەو قوتابییانەی لێکەوتووەتەوە و ئەو قوتابییانە لە باری دەروونییەوە تووشی زیان بوونە.

بنەماڵەی یەکێک لەو قوتابییانە وتوویەتی کە ئەو مامۆستایە پێشتریش پێشینەی ئەو شێوە کارانەی هەبووە و ئیدارەی ئەماکن و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لەوە ئاگادار بوون، بەڵام هیچ کردەوەیەکیان نەبووە.

یەکێک لە قوتابییان ڕاستیی ڕووداوەکەی بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانە باس کردووە و دوای لێپرسینەوەی بەرپرسی قوتابخانە، هەژدە مێرمنداڵی تر باسیان لە ڕاستیی ڕووداوەکە کردووە.

بەرپرسی ئەو قوتابخانەیە دوای ئاگاداربوون لە ڕاستیی ڕووداوەکە لەگەڵ بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری "فیردەوس" باسی کردووە و بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی شاری فیردەوس هەڕەشەی کردووە کە بە هیچ شێوەیەک نابێ ڕاستیی ڕووداوەکە و زانیارییەکان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکرێتەوە.

دوای سکاڵای بنەماڵەی ئەو قوتابییانە، ئەو مامۆستایە دەسبەسەر کراوە، بەڵام دوای حەوتوویەک بە بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کراوە.

ئازادکردنی ئەو کەسە ناڕەزایەتیی خەڵک و بنەماڵەی ئەو قوتابییانەی لێکەوتووەتەوە و لەژێر ناڕەزایەتیی خەڵک لایەنی پەیوەندیدار ناچار بوونە ئەو مامۆستایە دەسبەسەر بکەنەوە.

لە ئێستادا خەڵک لەوە نیگەرانن کە ئەو مامۆستایە دیسان ئازاد بکرێتەوە و لە قوتابخانە کاری پێ بدرێتەوە.