کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوزستان لە بێ ئاویدا قڕ بووە

13:41 - 29 جۆزەردان 2720

خەڵکی پارێزگای خووزستان لە بێ ئاوی وەزاڵە هاتوون و بێکیفایەتی و کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ڕێژیم زیاتر بووەتە هۆی بێزاریی خەڵکی ئەو پارێزگایە.

پارێزگای خووزستان لە باشووری ئێران، یەکێک لە پارێزگا پەراوێزخراوەکان لەلایەن ڕێژیمە و بەردەوام کێشەی بێ‌ئاوی لەو پارێزگایەدا تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە.

لە ئیستاشدا و بەتایبەتی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا کێشەی بێ‌ئاوی زیاتر لە هەمیشە بەرۆکی خەڵکی ئەو پارێزگایەی گرتووەتەوە.

لە دۆخی قەیراناویی ئێستادا کە کۆرۆنا هەڕەشە لە گیان و تەندروستیی خەڵک دەکات، نەبوونی ئاو لەو پارێزگایەدا خەڵک زیاتر تووشی مەترسی دەکات.

هاووڵاتییەکی خەڵکی "کووی سەیاحیـ"ـی ئەهواز وتوویەتی: "٨ ڕۆژە ئاومان نییە و کرێنشینین و لەبەر بێ‌ئاوی دەمانهەوێت ماڵەکانمان بگوازینەوە، لە مانگی ڕەمەزانیشدا ئاومان نەبووە".

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە بەخشی "غەیزانییە" باسی لەوە کردووە کە نەبوونی ئاو و سوێربوونی ئاو تەنگی پێهەڵچنیوین و بووەتە هۆی زەرەر و زیانمان و مەڕ و ماڵاتمان لەنێو چووە.

ناوچەکانی "پەردیس، کووی سەیاحی، شاری باغمەلەک و بەشی غەیزانییە" لە نموونەی ئەو شوێنانەن لە پارێزگای خووزستان، کە لەگەڵ قەیرانی بێ‌ئاوی دەست و پەنجە نەرم دەکەن.

دوای خۆپیشانی خەڵکی ئەهواز بەهۆی نەبوونی ئاو، کاربەدەستانی ڕێژیمی تاران بەڵێنییان دا لە ماوەی ٤ ڕۆژدا ئاوی ئەو پارێزگایە دابین بکەن بەڵام ئێستا خودی کاربەدەستانی ڕێژیمی ڕایانگەیاندووە هەتا سی مانگی دیکە کێشەی ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە چارەسەر ناکرێت.