کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوسرەو کوردپوور بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرا

20:59 - 17 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم شاری مەهاباد، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریانی بانگهێشتی ئەو ئیدارەیە کرد.

ئاژانسی کوردپا بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری مەهاباد بانگهێشت کراوە.

هۆکاری بانگهێشتی ئەو چالاکەی مافی مرۆڤ ڕووماڵی هەواڵەکانی مافی مرۆڤ ڕاگەیندراوە و ناوبراو باسی لەوەش کردووە، لە ئەگەری دەسبەسەرکرانی تا کاتی ئازاد کرانی، بێمەرج مان لە خواردن دەگرێت.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباریش، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، هۆشداری بە خوسرەو کوردپوور دابوو کە هەواڵی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک ڕووماڵ نەکات.

پێشتریش کوردپوور ئەو چالاکەی مافی مرۆڤ نیسبەت بە دەسبەسەرکرانی بەختیار خۆشنام، هەواڵنێری ئەو ئاژانسە لە سەقز باسی لەوە کردبوو: لە کوردستانی ئێراندا تێچووی هەواڵدەریی ئازاد زیندانە و ئێمەش ئەو تێچوویە دەدەین.

خوسرەو کوردپوور وێڕای براکەی مەسعوود کوردپوور لە چالاکانی بواری میدیای ئازاد لە کوردستانن. ئەو دوو برایە ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، بە تۆمەتی کۆبوونەوە و تەبانی و پڕۆپاگەندە دژی نیزام دەسبەسەر و لە دادگای ئینقلابی ئەو شارە هەر کامەیان بە ٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ تەورێز و سێ ساڵ زیندانی بڕاوە مەحکووم کران.