کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خولی دووهەمی مانگرتنی مامۆستایان بەڕێوە چوو

17:05 - 22 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: دوابەدوای بانگەوازی شۆرای هاوئاهەنگی ڕێکخراوە سینفییە فەرهەنگییەکانی ئێران لەمەڕ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەر لەلایەن مامۆستایانەوە لە چەندین شاری کوردستاندا مامۆستایان لە چوون بۆ سەر کلاسەکانی دەرس خۆیان بوارد.

ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەر لە زۆربەی هەرە زۆری قوتابخانەکانی شاری سەقز و هەروەها چەندین شاری دیکەی کوردستان و لەوانەش سنە، مەریوان و کرماشان مامۆستایان لە چوونە سەر کلاسەکانی دەرس خۆیان بوارد و بەپیر بانگەوازی شۆرای هاوئاهەنگی ڕێکخراوە سینفییە فەرهەنگییەکانی ئێرانەوە چوون.

بەپێی ئەو وێنە و فیلمانەی کە بڵاو کراونەتەوە مامۆستایانی مانگرتوو، خوازیاری ئازادکردنی هاوکارە دەسبەسەرکراوەکانیان، کۆتایی هێنان بە گەڵاڵەی مامۆستای تەواووەخت، فێرکاری دادپەروەرانە و بە کەیفییەت و بەخۆڕایی، جێبەجێکردنی ئەسڵی ١٥ و ٣٠ لە یاسای بنەڕەتی، سەرنجدان بە فەزای ئامووزشی نێو قوتابخانەکان و نەهێشتنی هەڵاواردن، کۆتایی‌هێنان بە پڕۆژەی پەروەندەسازی بۆ مامۆستایان و سەرکووت کردنیان و هەروەها ئاوڕدانەوەی جیددی لە دۆخی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان بوون.

بەپێی دوایین هەواڵەکان زۆربەی هەرە زۆری قوتابخانەکانی لە شارەکانی سەقز، سنە، مەریوان و کرماشان داخراون؛ هەروەها لە زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێرانیش ئەم مانگرتنە بەڕێوە چووە.

خولی یەکەمی مانگرتنی مامۆستایان مانگی ڕابردوو و لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی ڕەزبەر بەڕێوە چوو کە ئەو کاتیش مامۆستایانی کوردستان هەر پێشەنگ بوون و تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی مانگرتنەکە چەندین کەس لە مانگرتووان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کران و لێپرسینەوەیان لێکرا کە زەقترین نموونەی بانگهێشت و گیرانی مامۆستا ساڵح شەکەری مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سەقز بوو کە دواتر بە شێوەی کاتی و بە دانانی وەسیقە ئازاد کرا.

شۆرای هاوئاهەنگی ڕێکخراوە سینفییە فەرهەنگییەکانی ئێران لە بانگەوازەکەیاندا باسیان لەوە کردبوو کە نیهادە ئەمنیەتییەکان و حەراسەتی قوتابخانەکان هەر وەک ڕابردوو بەردەوامن لە سەرکوت و پەروەندەسازی بۆ چالاکانی فەرهەنگی و تەنانەت هەموو سنوورەکانیان بەزاندووە و تۆمەتی ناڕەوای ئەخلاقی و ڕەوانییان لێدەدەن.

هەروەها ڕوو لە مامۆستایانی ئێران هاتبوو بەشێک لە مەجلیسییەکانیش بە ئاشکرا حاشایان لە مانگرتن و داخوازە ڕەواکانی مامۆستایان کردووە و زۆر بێشەرمانە بەرامبەر بە مامۆستایان دواون بۆیە جارێکی دیکە داواکارین کە لە ڕۆژانی ٢٢ و٢٣ی خەزەڵووەر بە نەچوونەسەر کلاسەکانی دەرس نا بڵێن بە زوڵم و زۆرییەکان و یەکگرتووانە پەیوەست بە مانگرتنەکە ببن.

مامۆستایانی مانگرتوو ڕایانگەیاندووە کە سبەینێش بەردەوام دەبن لە مانگرتنەکەیان؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ زۆربەی مانگرتووان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە هەڕەشەیان لێکراوە و تەنانەت ویستوویانە مۆبایلەکانیان لێوەربگرن و بەم پێیەش پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕەوتێکی دیکە لە بانگهێشت کردنەکان دەس پێبکاتەوە.