کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خولی شێرکۆ بێکەس ناسی لە شاری سنە بەڕێوە دەچێت

21:00 - 10 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: دامەزراوەی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی زاگرۆس لە شاری سنە، خولێکی تایبەت لە ژێر ناوی خولی شێرکۆ بێکەس‌ ناسی بەڕێوە دەبات.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو،٥ی خەرمانانی ٩٧ی هەتاوی، دامەزراوەی فەرهەنگی ـ کۆمەڵایەتیی زاگرۆس لە شاری سنە لە درێژەی کار و چالاکییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا، خولێکی تایبەتی بۆ ناسینی زیاتری کەسایەتیی گەورەی سەردەم، مامۆستا شێرکۆ بێکەس ڕێکخستووە.

ئامانجی دامەزراوەی زاگرۆس لە بەڕێوەبردنی ئەم خولە فێرکارییە، لێکدانەوەی کەسایەتی و شێعرەکانی ئیمپراتۆری شێعری دنیایە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە . بەم مەبەستەش دوکتر حوسێن محەممەدزاده، مامۆستای بواری کۆمەڵناسی بۆ ماوەی دوو مانگ ئەم خولە بەڕێوە دەبات.

مەرجی بەشداربوون لەم خولەدا کە زیاتر لە ٢٠ بەشداربووی هەیە ئەوەیە کە بەشداربووان لە بواری زمان و ئەدەبی کوردییەوە شارەزا بن.

ئەمە یەکەمین جارە که لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، خولێکی زانستی و تایبەت بە مەبەستی ناسین و لێکدانەوەی کەسایەتیی شاعێری گەورەی نەتەوەکەمان بۆهۆگرانی شێعر و کەسایەتیی شێرکۆ بێکەس بەڕێوە دەچێت.