کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خووزستان ١٥ لەسەدی ئاماری کۆرۆنای لە ئێراندا هەیە

12:13 - 18 بانەمەڕ 2720

ڕێژەی تووشبووان و قوربانییانی کۆرۆنا لە پارێزگای خووزستان لە ئاستێکدایە کە کەمپەینێک لەژێر ناوی "دابڕگەی خووزستان" دامەزراوە و داوا لە خەڵک دەکرێت کە پەیوەست بەو کەمپەینەوە بن.

لە پارێزگای خووزستان هەتا ئێستا ٣ هەزار و ٣٧٦ کەس تووشی کۆرۆنا بوونە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیم کە ڕێکەوتی ١٧ی بانەمەڕ بڵاوی کردووەتەوە، ٢٣٥ کەس بە کۆرۆنا لەو پارێزگایە گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ئامارانەی ڕێژیم لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە خەڵک لە ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە ئێران نیگەرانن.

کاربەدەستانی تەندروستیی ڕێژیم لەو پارێزگایە باسیان لەوە کردووە، هۆکاری بەرزبوونەوەی کۆرۆنا لەو پارێزگایە بۆ قەرباڵغیی شار و بازاڕەکان دەگەڕێتەوە.

پارێزگاری خووزستان خەڵکی بە تاوانباری تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لەو پارێزگایە لەقەڵەم داوە.

"زاهری"، بەڕێوەبەری کەمپەینی "دابڕگەی خووزستان"، باسی لەوە کردووە کە شیرکەتی نەوت لە ماوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، تەنیا دوو دەمامکی بە پێرسۆنێلەکانی داوە.

لە خووزستان هەتا ئێستا کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران سەردانی ئەو پارێزگایەیان نەکردووە وخزمەتگوزاریی پێویستی تەندروستییان بۆ خەڵکی ئەو پارێزگایە دابین نەکردووە.