کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوڵبارین لە لوڕستان زیانێکی زۆری بە هەنگداران گەیاندووە

13:20 - 25 خاکەلێوه 2722

هاتنی تۆز و خۆڵ لە وڵاتانی عەرەبی بۆ شارەکانی ئێران و کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵ زیانێکی زۆری بە وەرزێڕان و هەنگداران گەیاندووە.

لە پارێزگای لوڕستان بەهۆی خۆڵبارینی ئەم دواییانە، زیانێکی زۆر بە هەنگداران گەیشتووە و ئەگەری زیانی ٣٠ هەتا ٥٠ لەسەدی لە بەرهەمێنانی هەنگوین خەمڵێندراوە.

پێشەی هەنگداری لە پارێزگای لوڕستان بڕەوێکی زۆری هەیە و بە وتەی ''لەیلا ئەفزەلی'' بەرپرسی هەنگداریی "جیهادی کشاوەرزیـ"ـی لوڕستان لە ئێستادا ٣٨٦ هەزار سندووقی هەنگ لەو پارێزگایە بوونی هەیە.

ناوبراو وتوویەتی، ٣ هەزار و ٥٧٠ کەس لە ئێستادا لە پیشەی هەنگداریدا کار دەکەن.

بە وتەی ناوبراو هەنگدارانی ئەو پارێزگایە ساڵی ڕابردوو بەهۆی وشکەساڵی تووشی زیانێکی ٣٥ لەسەدی بوون و ئەمساڵیش بەهۆی هاتنی تۆز و خۆڵی زۆر و مانەوەی لە ئاسمانی ئەو پارێزگایە، پێشبینی دەکرێت ٣٠ هەتا ٥٠ لەسەد زیان بە پیشەی هەنگداری بکەوێت.

خۆڵبارین و نیشتنی لەسەر گوڵ و گیاکان دەبێتە هۆی تێکدانی زاوزێی هەنگەکان و گەردەپەژینیی گیاکان کە کاریگەریی زۆری لەسەر بەرهەمی هەنگوین دەبێت.

هەروەها جگە لە خۆڵبارین، کەمیی بارانبارین و وشکبوونی کانیاوەکان زیانی زۆری بە وەرزێڕان و هەنگداران گەیاندووە.