کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندنی دژواری قوتابییان بە شێوەی ئانلاین بووەتە بە چیرۆک

10:59 - 14 سەرماوەز 2720

قوتابییانی ناوچەی "سۆما و برادۆست" سەر بە شاری ورمی بەهۆی ئەوەیکە هێڵی ئینتێرنێتیان لاوازە ناچارن لە کەش و هەوای ساردی پاییزییدا کە بەفر باریوە لە دەرەوە وانەکانیان بخوێنن.

قوتابییانی گوندی "بێردووک" لەو ناوچەیە بە شێوەی گرووپی لەو سەرما و سۆڵەدا دەڕۆنە بەرزاییەکانی ئەو گوندە بۆ ئەویکە بتوانن بە شێوەی ئانلاین بخوێنن.

لە دوای داخرانی قوتابخانەکان بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستاندا، ڕێژیمی ئێران خوێندنی بە شێوەی ئانلاینی دەست پێکرد کە کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە.

خوێندن بە شێوەی ئانلاین بووەتە هۆی بەجێمانی قوتابی یان مامۆستاکە لە وانە و ڕاھێنانەکان.

ئەم کێشانە لە کاتێکدایە کە ڕێژیم بەڵێنی به قوتابییان و بەکارھێنەرانی ئەپڵیکەیشێنی شاد دابوو کە ئینتێرنێتی خۆڕاییان بۆ دابین بکات بەڵام هەتا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

زیاتر لە ٦ ملیۆن قوتابی بەهۆی هەژاری و دەسپێڕانەگەیشتن بە کەرەستەی ئێلێکترۆنی و ئینتێرنێت لە خوێندنی ئانلاین بێبەش بوونە.

بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیمی ئێران کە ناوەندی "ئیسپا" بڵاوی کردبووەوە: "ڕاپرسییەک سەبارەت بە دەستپێڕاگەیشتن بە تەبلێت و ئینتێرنێت بۆ فێرکاریی ئانلاین لەنێو بنەماڵەی خوێندکاراندا ئەنجام درابوو کە دەرکەوتووە ٢٠.٩ لەسەدی بنەماڵەکان دەستپێڕاگەیشتنیان بە کەرەستەی وەک مۆبایلی زیرەک و تەبلێت و ئینتێرنێت نییە".