کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی زانکۆی "عیلم و سەنعەتـ"ـی تاران بەنیسبەت سیاسەتەکانی حەراسەتی زانکۆ ناڕەزایەتییان دەربڕی

18:41 - 4 بانەمەڕ 2722

خوێندکارانی زانکۆی "عیلم و سەنعەتـ"ـی تاران لە کاردانەوە بە هەوڵەکانی ئەو زانکۆیە و لێدانی خوێندکارێک لەلایەن مەئمورێکی حەراسەتەوە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای گۆڕانی سیاسەتی بەڕێوەبەریی زانکۆیان کردووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕ لە زانکۆی عیلم و سەنعەتی تاران بەڕێوە چوو، دروشمگەلێکی وەکوو ''حەراسەتی پۆلیسیمان ناهەوێت و ناهەوێت'' و ''حەراست دارەدەستی دەسەڵاتە'' سەر داوە و  خوێندکاران داواکاریی وەکوو پێکهێنانی شورای حەراست و ڕاگرتنی گەشتلێدان لەنێو چوارچێوەی زانکۆیان هێناوەتە بەر باس.

لە بەیاننامەی خوێندکاراندا هەروەها بە ئاماژەدان بە لێڕوانینی حەراسەت هاتووە کە ئەو ناوەندە لە کاردانەوە بە ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران، یەکێک لە خوێندکاران کە کەوتووەتە بەر لێدان لەگەڵ چەند خوێندکاری دیکە بانگهێشتی کۆمیتەی ئینزباتی کراون و بووەتە هۆی ئەوەیکە هێزی ئینترامی بێتە نێو ئەو زانکۆیە.

دوو ڕۆژ پێشتر چەندین ڕاپۆرت لەبارەی سەختگیریی حەراسەتی زانکۆی عیلم و سەنعەت لەهەمبەر حیجاب و وەگەڕخستنی گەشتی ئیرشادی مۆتۆری لە زانکۆی ئەمیر کەبیر و تاران بڵاو ببووەوە.

ماڵپەڕی ''ئەنساف نیوز'' لە ڕاپۆرتێکدا نووسیبووی، سەرەڕای ئەو حاڵەتانە، سەختگیری لە خەوتنگەی خوێندکاران زیاتر بووەتەوە و لە حاڵەتێکی دیکەدا مەئموورانی حەراسەت بە خوێندکارێکی کچیان وتبوو کە چوونکە جلی ژێر پاڵتۆکەی گونجاو نییە، نابێ لە زانکۆدا پاڵتۆکەی دەر بێنێت.

یەکێک لە خوێندکارانی دیکەش بەو ماڵپەڕەی وتبوو کە چونکە قژی لەژێر ڕووسەرییەکەی دەرکەوتووە، هۆشداریی پێ دراوە و ژمارەی خوێندکارییەکەی لەلایەن حەراسەتەوە تۆمار کرابوو.

ڕێژیمی ئێران لە ٤ دەیەی ڕابردوودا زانکۆکانی خستووەتە ژێر چاوەدێری و کۆنترۆڵێکی توند و بە چاوێکی ئەمنییەتی دەڕوانێتە خوێندکاران، بەڵام توێژی خوێندکار لە ئێران بەردەوام لە ڕێگای جۆراجۆرەوە هەوڵ دەدەن بەرەنگاری ئەو کۆسپ و تەگەرانەی ڕێژیمی ئێران ببێتەوە.