کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی زانینگەی \"ئوریبرۆ\" لە سوێد سمینارێکیان بۆ بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب پێک هێنا

12:57 - 15 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: سمینارێکی تایبەت بۆ لوقمان ئەحمەدی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێمۆکرات لە دەرەوەی وڵات و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، لەلایەن ئەنستیتۆی زانستی ــ سیاسیی زانینگەی ئوریبرۆی سوێدەوە بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٩١ی هەتاوی، ئەو سمینارە بەڕێوەچوو و لە سەرەتاشدا پرۆفسۆر ماتس لیندبەری باسێکی کورتی لەبارەی پێکهاتە و سیستمی سیاسیی ئێران پێشکەش کرد.
دواتر لوقمان ئەحمەدی وێڕای ئاماژە بە هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی، گوتی: سیاسەتی سەرکوت و نادێمۆکراتیکی رێژیمی شا و نادروستیی سیاسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەو رێژیمە، بوونە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و لە ئاکامیشدا شۆڕشی گەڵانی ئێرانی لێ کەوتەوە.
ئەحمەدی لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە هاتنە سەرکاری رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی کرد و چۆنیەتیی بەلاڕێدا بردنی ئامانج و بەرهەمەکانی شۆڕشی گەڵانی ئێرانی لەلایەن خومەینییەوە شی کردەوە.
ناوبراو هەر لەو پێوەندییەدا پڕژایە سەر سیاسەت و هەڵوێستی سیاسییانە و دروستی رێبەرایەتیی ئەو کاتی بزووتنەوەی کورد کە ئەویش رەت کردنەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بوو.
لوقمان ئەحمەدی لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا وتی: رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە هەتا ئێستا، خوێندەوەیەکی ئیدئۆلۆژیی ئیسلامیی وەکوو بنەمای بەکار هێناوە و هەتا بەو چەشنە رێگا بە هاتنە سەر کاری دەسەڵاتی دێمۆکراتیک لەو وڵاتەدا بگرێت.
لە کۆتاییدا ئەحمەدی وێڕای ئاماژە بە خەباتی جووڵانەوەی ئازادیخوازیی نەتەوە ستەم لێ کراوەکانی ئێران، وتی: پۆتانسیەڵی نەتەوەکانی ئێران لەمەڕ پێک هێنانی ئێرانێکی دێمۆکراتیک، فیدراڵ و سێکۆلار، کەلە بەرژەوەندیی هەموو ئەو نەتەوانە دایه رۆڵێکی ئەرێنی لە پێکهێنانی سەقامگیری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەگێڕێت.